پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 9-10-2016 بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەخریی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وڵاتانی عەرەبی و سەرۆكی یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و كونسول و دیپلۆماتكارانی وڵاتانی بیانی و و كارساز و بازرگان و پیشەسازانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق، لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵای شاری هەولێر، سێیەم كۆنگرەی ئابووریی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد.
لە ڕێوڕەسمی كۆنگرەكەدا دوای پێشكەشكردنی چەند وتەیەك لەلایەن ئامادەكار و سەرپەرشتیار و میوانانی كۆنگرەوە، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا جیا لە بەخێرهێنانی میوانان و دەستخۆشیكردن لە ئامادەكاران و بەشدارانی كۆنگرە، هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و دروشمی كۆنگرەش كە بە ناونیشانی (ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت له په‌ره‌پێدانى ئابووریى هه‌رێمى كوردستاندا) یە، بە بابەتێكی گرنگی زانی كە هەمیشە جێگەی بایەخی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە.
سەبارەت بە تێگەیشتن و دیدگای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كه‌رتى تایبه‌ت، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە ئه‌م كه‌رته ده‌توانێت ڕۆڵێكى گرنگ و گه‌وره له په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردن و فراوانكردن و هه‌مه‌جۆركردنى ئابووریى هه‌رێمى كوردستاندا بگێڕێت، بۆیه حكوومه‌ت ئه‌وه‌ى له توانایدا بێت، ئاسانكارى بۆ كه‌رتى تایبه‌تى ناوخۆیى و بیانى كردووه و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌ى كار و وه‌به‌رهێنانى له هه‌موو بواره‌كاندا بۆ ڕه‌خساندووه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا ئه‌و شوێنه‌ى ده‌كرێت، حكوومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات كه‌رته‌كانى خزمه‌تگوزاریى گشتی هه‌نگاو به هه‌نگاو و بداته كه‌رتى تایبه‌ت كە ده‌بێته هۆى سووككردنى بارى حكوومه‌ت و دروستبوونى جووڵه‌یه‌كى باشترى ئابوورى و بازرگانی، لەمبارەیەشەوە ئه‌زموونى سەركەوتووی وڵاتانى پێشكه‌وتووی جیهانی بە نموونە هێنایەوە كە توانیویەتی ڕۆڵێكى مه‌زن له بنیاتنان و په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنى كه‌رته‌كانى پیشه‌سازى، كشتوكاڵ، گه‌شتیارى و چه‌ندین كه‌رتى دیكه‌ى خزمه‌تگوزاریدا بگێڕێت.
جەختی لەوەش كردەو‌ە كە ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت، له كاتى قه‌یران و دۆخه سه‌خته‌كاندا باشتر ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌رێمى كوردستانیشی بە نموونه‌یه‌كى زیندووى ئه‌و ڕۆڵه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت هێنایەوە كه به‌هۆى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان، شه‌ڕى داعش، هاتنى زیاتر له ملیۆنێك و هه‌شت سه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر له ناوخۆى عیراق و سووریاوه بۆ هه‌رێمى كوردستان و دابه‌زینى نرخى نه‌وت، دۆخێكى سه‌خت و قه‌یرانێكى گه‌وره‌ى دارایى و ئابوورى دروست بووە و به ده‌یان پرۆژه‌ى حكوومه‌ت و كەرتی تایبەت وه‌ستاون ئەمە جیا له ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر كار و بازاڕ و ژیانی خەڵك، به‌ڵام له سایه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت هێشتا جووڵه‌یه‌كى كار و بازاڕ له كوردستاندا ماوه و هێشتا به ده‌یان هه‌زار كه‌س كه ژیانى هه‌زاران خانه‌واده‌یان له ئه‌ستۆدایه، له كه‌رتى تایبه‌تدا درێژه به كاركردن و دابینكردنى ژیانیان ده‌ده‌ن.
ئاماژەی بەوەش دا گەر ئەو هۆكارانە نەبوونایە، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر باشتر و به ده‌ستێكى كراوه‌تر، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌تدا ده‌كرد و ئێستا هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى ئابوورییه‌كى باشتر ده‌بوو. بەڕێزیان لایەنێكی دروستبوونی قەیرانەكەشی بۆ لاوازى و كه‌موكوڕیى كارگێڕیى وه‌ك خه‌رجیى زیاتر له داهات، فره‌مووچه‌یى، زیاده‌ڕۆیى له دامه‌زراندن و چه‌ندین كێشه‌ى دیكه له سیسته‌مى كارگێڕى و كارگێڕیى دارایى، گەڕاندەوە، هەروەها ئەم قەیرانەشی بە ده‌رفه‌تێكى زێڕین بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و چاككردنى سیسته‌مى كارگێڕى و دارایى لەلایەن حكوومەتەوە زانی.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە دیدگاى 2020ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه به هاوكاریى بانكى نێوده‌وڵه‌تى ئاماده كراوه و كاركردنیش به پێوه‌ر و ڕێنماییه‌كانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى كه ستاندارتى جیهانین و له به‌رژوه‌ندیى وه‌به‌ره‌هێنان و كه‌رتى تایبه‌تدان، بە به‌شێك له هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت بۆ فراونكردنى زیاترى ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت قبووڵ كرد.
دواتر باسی لە ده‌ره‌نجامەكانی سیاسه‌تى حكوومه‌تی هەرێم له پشتگیریكردنی كه‌رتى تایبه‌ت كرد و تیشكی خستە سەر ئامارەكان كه هه‌رێمى كوردستان له ساڵى 2004ـه‌وه تا به‌ر له ده‌ركه‌وتنى قه‌یرانه‌كان، پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامى به خۆیه‌وه بینیوه و ڕێژه‌ى بێكارى ساڵى 2004 له 10.4%ـه‌وه بۆ 5.2% له ساڵى 2013دا دابه‌زیوه و له كه‌رتى تایبه‌تیشدا ده‌رفه‌تى كار ساڵى 2006 له 20.000ـه‌وه بۆ 340.000 ده‌رفه‌تى كار له ساڵى 2012دا به‌رز بۆته‌وه و داهاتی تاك له داهاتى نه‌ته‌وه‌ییدا له 500 دۆلاره‌وه له ساڵى 2003 بۆ 5000دۆلار له ساڵى 2012 به‌رز بۆته‌وه و ساڵى 2007 به بڕى چوار ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستان هه‌بووه، كه‌چى ئێستا به بڕى 47 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانى ناوخۆیى و بیانى هه‌یه، زۆرترینى ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش له كه‌رتى پیشه‌سازی بە پلە یەك و ئینجا هه‌ردوو كه‌رتى نیشته‌جێبوون و گه‌شتیاریدایە.
هەروەها ئاشكرای كرد كە ته‌نیا كه‌رتى تایبه‌تى خۆماڵى به 669 پڕۆژه به بڕى 37 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانى له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه و ئه‌مەشی بۆ بڕوا و متمانه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت به حكوومه‌ت و سیاسه‌تى هاندانی حكوومه‌ت، بۆ فراونكردنى زیاترى ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت له هه‌رێمى كوردستان گەڕاندەوە، داواشی له كه‌رتى تایبه‌ت كرد باشتر ڕوو بكه‌نه كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ، پیشه‌سازى و گه‌شتیاری، هەروەها هیوای خواست ئه‌و باس و لێكۆڵێنه‌وانه‌ى له‌م كۆنگره‌یەدا پێشكه‌ش ده‌كرێن، كۆمه‌ڵێك ڕاسپارده و پێشنیازى سوودبه‌خشى بۆ حكوومه‌ت لێ بكه‌وێته‌وه كه بتوانێت له په‌یره‌وكردنى سیاسه‌تى پشتگیریى كه‌رتى تایبه‌تدا سوودى لێ وه‌ربگرێت.
سەبارەت بە ڕێگرییە یاساییەكانیش لە كار و پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت، بەڕێزیان ڕایگەیاند كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كار بۆ ئه‌وه ده‌كات هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه لابه‌رێت كه له‌ژێر كاریگه‌ریى یاساكان، به‌تایبه‌تیش یاساكانى عیراقدا، ڕێگر بوون له‌وه‌ى كه‌شێكى له‌بارتر و دۆخێكى هانده‌رتر بۆ كه‌رتى تایبه‌ت له كوردستان بێته ئاراوه، وه‌ك ڕێگرییه ده‌ستوورریه‌كان سه‌باره‌ت به كه‌رتى دارایى و بازرگانى و گومرك و داڕشتنى سیاسه‌تى دارایى، گومركى و ڕێكخستنى سیاسه‌تى بازرگانى له سنووره‌كانى هه‌رێم و پارێزگاكان. ئاشكراشی كرد كە یاسا و ڕێنمایى و ڕێكارى جیایان تاقیكردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ڕۆڵ و به‌شداریى كه‌رتى تایبه‌ت له بنیاتنان و په‌ره‌پێدان و به‌ڕێوه‌بردنى ئابووریدا گه‌وره‌تر ببێت هەروەك چۆن پێشتریش له‌ژێر ڕۆشناییى سه‌ر‌نج و تێبینى و ڕه‌خنه‌كانى كه‌رتى تایبه‌تدا، ده‌ستكاریى یاسا و ڕێنمایى و ڕێكاره‌كانیان كردووه و، به‌رده‌وامیش ده‌بن تا ده‌گه‌نه باشترین شێواز بۆ ئه‌وه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت گه‌وره‌ترین به‌شدارى و كاریگه‌رى له ئابووریى وڵات‌دا هه‌بێت.
سەبارەت بە دوا سه‌ردانى شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا و دوایین سه‌ردانى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى و شاندى یاوه‌رى و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى و به‌رپرسانى عیراقیش، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە ئەم سەردانانە ئومێد و ده‌رگاى تازه‌یان بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عیراق كردۆته‌وه و هیوای خواست له‌سه‌ر هه‌موو پرس و بابه‌ته‌كان و سروشتى داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كانى كوردستان و ده‌وڵه‌تى عیراق، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌موو بابه‌ته‌كانى دیكه‌ش، له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه بگه‌نه چاره‌سه‌ر به شێوه‌یه‌ك كه به خێر و خۆشى بۆ كوردستان و عیراق بگه‌ڕێته‌وهە. ئەوەشی ڕوون كردەو‌ە كە دەبێت دەسەڵاتدارانی بەغدا بزانن ئەم بارودۆخەی ئێستا ناكرێت بەردەوام بێت و پێویستە بە دانیشتن و گفتوگۆ و لێكگەیشتن بگەنە ئەنجامێك بۆ دڵنیابوون لە ئایندەی گەلی كورد لەو وڵاتە و هەروەها دڵنیا بوون لەوەی كە ئارامی لە هەموو عێراق بەردەوام دەبێت.
لەبارەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵیشەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد كە ئاماده‌كاریى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تیش بۆ ئۆپه‌راسیۆنى ئازادكردنه‌وه‌ى شاری مووسڵ كراوه كە له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه كاریگه‌رییه‌كى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر دۆخى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت و ده‌رفه‌تێكى گه‌وره‌یه له ڕووى بازرگانى و وه‌به‌رهێنان و ئابوورییه‌وه و بێ دوودڵى سه‌رمایه‌یه‌كى زیاترى بیانى و عیراقى ڕوو له هه‌رێمى كوردستان دەكات، به‌ڵام لە هەمان كاتدا جەختی لەوە كردەو‌ە كە ڕزگاركردنى مووسڵ له ڕووى سه‌ربازییه هه‌موو كێشه‌كانى ئه‌و پارێزگایه چاره‌سه‌ر ناكات و بە پێویستی زانی لە قۆناغى دواى ئازادكردن، هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌كانى شارەكە، ڕۆڵى شایسته‌یان له پرۆسه‌ى سیاسى و ده‌ستنیشانكردنى ئاینده‌ى ناوچه‌كه‌یان و، چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌بردنیدا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن و ده‌رگا له‌سه‌ر كێشه‌ى دیكه‌ش ده‌كرێته‌وه، بۆیه بە گرنگی زانی هه‌ر له ئێستاوه بە ڕێككه‌وتنێكى هه‌موو پێكهاته‌كانى مووسڵ، ئه‌و پرسه گرنگ و هه‌ستیاره، یه‌كلایى بكرێتەوە.
له كۆتایی وتەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیران هیواى سه‌ركه‌وتنی بۆ كۆنگرە خواست و ده‌ستخۆشى له یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكه‌كه‌ى به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات و هاوكارانى و سه‌نته‌رى زانیارى و لێكۆڵێنه‌وه‌ى ستراتیژیى كوردستان كرد بۆ ڕێكخستنى ئه‌م كۆنگره‌یه و پیرۆزبایی یادى په‌نجا ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازی هه‌ولێری لە ئامادەبووان كرد، هەروەها سه‌ره‌خۆشى له خانه‌واده‌ى شه‌هیدان كرد و سه‌رى ڕێز و نه‌وازشی بۆ گیانى پیرۆزى شه‌هیدان دانەواند و هیواى زووچاكبوونه‌وەی بۆ برینداران خواست و سوپاسی پێشمه‌رگه و ته‌واوى هێزه ئه‌منییه‌كانى كوردستانی كرد كه له سایه‌ى قاره‌مایه‌تیى ئه‌واندا، وڵات ئارام و سه‌قامگیره.
هەروەك سوپاسی خه‌ڵكى كوردستان و ئەو كارمه‌ند و مووچه‌خۆرانەی كرد كه تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخى نه‌خوازراوى ئه‌مڕۆى وڵات هه‌یه و به‌رگه‌ى زۆر سه‌ختییان گرتووه و ده‌یگرن. هه‌موو لایه‌كیشی دڵنیا كردەو‌ە كه ئه‌م دۆخه‌ش سه‌ركه‌وتووانه تێده‌په‌ڕێنن و ڕایگەیاند كه داهاتووى كوردستان ڕووناكە.
دەقی وتەی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان:
میوانان و ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش..
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى سێیه‌مین كۆنگره‌ى ئابووریى یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشەسازیی هه‌رێمى كوردستان. به‌خێرهاتنێكى تایبه‌تى به‌ڕێز عه‌دنان قه‌سسار سه‌رۆكى فه‌خریى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیى وڵاتانى عه‌ره‌بى و میوانان و به‌شدارانى به‌ڕێز له وڵاتانى دراوسێ و دۆست ده‌كه‌م. هیوادارم كاتێكى به‌سوود له به‌شداریتان له‌م كۆنگرەیەدا به‌سه‌ر به‌رن و هیواى سه‌ركه‌وتن و ئه‌نجامێكى سوودبه‌خش بۆ كۆنگره‌كه‌تان ده‌خوازم، ده‌ستخۆشى له ڕێكخه‌رانى ئەم كۆنگرەیە ده‌كه‌م لە هەولێر.
ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت له په‌ره‌پێدانى ئابووریى هه‌رێمى كوردستاندا، كه ناونیشانى ئەم كۆنگره‌یەیە، بابه‌تێكى گرنگه و هه‌میشه جێگه‌ى بایه‌خى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بووه. تێگه‌یشتن و دیدگاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ كه‌رتى تایبه‌ت كه دینه‌مۆى پێشكه‌وتنى ئابوورییه، هه‌میشه ئه‌وه بووه ئه‌م كه‌رته ده‌توانێت ڕۆڵێكى گرنگ و گه‌وره له په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردن و فراوانكردن و هه‌مه‌جۆركردنى ئابووریى هه‌رێمى كوردستاندا بگێڕێت، بۆیه حكوومه‌ت ئه‌وه‌ى له توانایدا بووبێت، ئاسانكارى بۆ كه‌رتى تایبه‌تى ناوخۆیى و بیانى كردووه و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌ى كار و وه‌به‌رهێنانى له هه‌موو بواره‌كاندا بۆ ڕه‌خساندووه.
حكوومه‌ت بیرى له هاوكار‌یكردن و پێشكه‌شكردنى زیاترى ئاسانكارى بۆ كه‌رتى تایبه‌ت كردۆته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا ئه‌و شوێنه‌ى ده‌كرێت، حكوومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات كه‌رته‌كانى خزمه‌تگوزاریى گشتیش هه‌نگاو به هه‌نگاو بداته كه‌رتى تایبه‌ت و ده‌رفه‌تێكى گه‌وره‌ترى كاركردن له‌م كه‌رته‌دا بڕه‌خسێنێت. ئه‌م سیاسه‌ته به‌تایبه‌تى له دۆخى سه‌ختى دارایى و ئابووریى ئێستادا، ده‌بێته هۆى سووككردنى بارى حكوومه‌تی هەرێم و دروستبوونى جووڵه‌یه‌كى باشترى ئابوورى و بازرگانى لە هەرێمی كوردستان.
ئه‌زموونى وڵاتانى پێشكه‌وتوو سه‌لماندوویه‌تى كە كه‌رتى تایبه‌ت ده‌توانێت ڕۆڵێكى مه‌زن له بنیاتنان و په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنى كه‌رته‌كانى پیشه‌سازى، كشتوكاڵ، گه‌شتیارى و چه‌ندین كه‌رتى دیكه‌ى خزمه‌تگوزاریدا بگێڕێت و ببێته یه‌كێك له ستوونه سه‌ره‌كییه‌كانى ئابوورییه‌كى به‌هێز لە هەر وڵاتێك. بۆ ئه‌مه‌ش كه‌رتى تایبه‌ت پێویستى به هاوكارى و پشتگیرى و چاودێریى حكوومه‌ت هه‌یه، له ڕێگه‌ى هه‌بوونى یاسا و سیسته‌مێكى هانده‌ر بۆ كاركردن و وه‌به‌رهێنان، چ به پرۆژه‌ى گه‌وره‌ى ستراتیژى، یان به پرۆژه‌ى مامناوه‌ند و بچووك، یانیش به پێدانى قه‌رز و چه‌ندین ئاسانكاریى دیكە ئەو كارە ئەنجام دەدرێت.
ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت؛ به‌تایبه‌تى له كاتى قه‌یران و دۆخه سه‌خته‌كاندا باشتر ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌رێمى كوردستان نموونه‌یه‌كى زیندووى ئه‌و ڕۆڵه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته. هه‌موومان ده‌زانین كه به‌هۆى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان، شه‌ڕى داعش، هاتنى زیاتر له ملیۆنێك و هه‌شت سه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر له دەرەوە و ناوخۆى عیراق بۆ هه‌رێمى كوردستان و دابه‌زینى نرخى نه‌وت، دۆخێكى سه‌خت و قه‌یرانێكى گه‌وره‌ى دارایى و ئابوورى هاته ئاراوه كه كاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر ته‌واوى جو‌مگه‌كانى ژیان دروست كردووه لە هەرێمی كوردستاندا.
به ده‌یان پرۆژه‌ى حكوومه‌ت له ئه‌نجامى ئه‌و هۆكارانه‌ى كه هه‌موویان له ده‌ره‌وه‌ى ئیراده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندان، وه‌ستاون. ئه‌مه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر كار و بازاڕ و ژیان به‌گشتى هه‌یه. هه‌روه‌ها كاریگه‌رى له كار و پڕۆژه‌كانى كه‌رتى تایبه‌تیش كردووه. به‌ڵام وێڕاى ئه‌م دۆخه سه‌خته‌ش، له سایه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت هێشتا جووڵه‌یه‌كى كار و بازاڕ له كوردستاندا ماوه و كه‌رتى تایبه‌ت نه‌یهێشتووه ژیانى كار بوه‌ستێت. هێشتا به ده‌یان هه‌زار كه‌س كه ژیانى هه‌زاران خانه‌واده‌یان له ئه‌ستۆدایه، له كه‌رتى تایبه‌تدا درێژه به كاركردن و دابینكردنى ژیانیان ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ى باسمان كردن نه‌بوونایه، حكوومه‌تى فیدرالى عیراق بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانى نه‌بڕیبووایه، شه‌ڕى داعش و ئه‌و ژماره زۆره‌ى ئاواره په‌نابه‌ران نه‌بووایه، كه ڕۆژانه ملیۆنه‌ها دۆلار له‌سه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێت، له هه‌موویان خراپتر دابه‌زینى نرخى نه‌وت نه‌بووایه، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر باشتر و به ده‌ستێكى كراوه‌تر، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌تدا ده‌كرد و ئێستا هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى ئابوورییه‌كى زۆر باشتر ده‌بوو.
كاتێك ئه‌م هۆكارانه باس ده‌كه‌ین، به هیچ شێوه‌یه‌ك ماناى ئه‌وه نییه كه خۆشمان هیچ كه‌موكوڕییه‌كمان نییه!. نه‌خێر، لاوازى و كه‌موكوڕیى كارگێڕیى خۆمان، وه‌ك خه‌رجیى زیاتر له داهات، فره‌مووچه‌یى، زیاده‌ڕۆیى له دامه‌زراندن و چه‌ندین كێشه‌ى دیكه له سیسته‌مى كارگێڕى و كارگێڕیى دارایى، ئه‌وانه‌ش به‌شێكن له هۆكارى قه‌یرانه‌كه و ده‌بێ ئێمەی دانی پێدا بنێین و چاكی بكەینەوە. ڕاسته ئه‌م قه‌یرانه ته‌حه‌دییه‌كى یه‌كجار زۆر گه‌وره‌یه و حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان و عێراقیشی زۆر ئازار داوه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌رفه‌تێكى زێڕینه بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و چاككردنى سیسته‌مى كارگێڕى و دارایى. حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لەم بابەتەدا زۆر جددییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م ده‌رفه‌ته بۆ چاكسازى به باشترین شێوه بقۆزێته‌وه.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
دیدگاى ساڵی 2020ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه به هاوكاریى بانكى نێوده‌وڵه‌تى ئاماده كراوه، هه‌روه‌ها كاركردن به پێوه‌ر و ڕێنماییه‌كانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى كه ستاندارتى جیهانین و له به‌رژوه‌ندیى وه‌به‌ره‌هێنان و كه‌رتى تایبه‌تدان، ئه‌مانه به‌شێكن له هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت بۆ فراونكردنى زیاترى ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت لە هەرێمی كوردستان.
ئه‌گه‌ر وه‌ك ده‌ره‌نجامێكى سیاسه‌تى حكوومه‌ت له پشتگیریى كه‌رتى تایبه‌تدا، سه‌یرێكى ئاماره‌كان بكه‌ین، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه هه‌رێمى كوردستان له ساڵى 2004ـه‌وه له‌دواى نه‌مانى ڕ‌ژێمى پێشوو، تا به‌ر له ده‌ركه‌وتنى قه‌یرانه‌كان، پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامى به خۆیه‌وه بینیوه. بۆ نموونه ڕێژه‌ى بێكارى ساڵى 2004 له 10.4%ـه‌وه بۆ ڕێژه‌ى 5.2% له ساڵى 2013دا دابه‌زیوه.
ساڵى 2007 ته‌نیا به بڕى چوار ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستان هه‌بووه، كه‌چى ئێستا له هه‌رێمى كوردستان به بڕى 47 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانى ناوخۆیى و بیانى هه‌یه، زۆرترینى ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش له كه‌رتى پیشه‌سازیدایه، ئینجا دواى ئه‌وه هه‌ردوو كه‌رتى نیشته‌جێبوون و گه‌شتیارى دێن.
هه‌روه‌ها له كه‌رتى تایبه‌تیشدا ده‌رفه‌تى كار ساڵى 2006 له 20.000ـه‌وه بۆ 340.000 ده‌رفه‌تى كار له ساڵى 2012دا به‌رز بۆته‌وه. تێكڕاى به‌ركه‌وته‌ى تاك له داهات له 500 دۆلاره‌وه له ساڵى 2003 بۆ 5000دۆلار له ساڵى 2012 به‌رز بۆته‌وه.
سیاسه‌ت و ئاسانكارییه‌كانى حكوومه‌ت هانده‌رى یه‌كه‌مى وه‌به‌رهێنانن له هه‌رێمى كوردستاندا. ته‌نیا كه‌رتى تایبه‌تى خۆماڵى به 669 پڕۆژه به بڕى 37 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانى له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه، ئه‌مه نیشانه‌ى بڕوا و متمانه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته به حكوومه‌ت و سیاسه‌تى هاندەرانه‌ى حكوومه‌ت، بۆ فراوانكردنى زیاترى ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت له هه‌رێمى كوردستان.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
ئێستاش یه‌كێك له خاڵه گرنگه‌كانى پلانى حكوومه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه و تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه ئه‌وه‌یه كه پشتگیرییه‌كى زیاترى كه‌رتى تایبه‌ت بكات تاكو ئه‌م كه‌رته بتوانێت سنوور و بارسته و قه‌باره‌ى كار و چالاكییه‌كانى له هه‌موو بواره‌كاندا كاراتر، فراونتر بكات، زۆرترین ده‌رفه‌تى كار و داهاتى باشتر بڕه‌خسێنێت، به شێوه‌یه‌ك كه ئیتر له جیاتى كه‌رتى گشتى، ببێته خواست و ڕووگه‌ى یه‌كه‌مى كارخوازان. بۆ ئه‌مه هه‌رچى پێویست و له تواناى حكوومه‌تدا بێت، بێ درێغى ده‌یكات. داواش له كه‌رتى تایبه‌ت ده‌كه‌ین باشتر ڕوو بكه‌نه كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ، پیشه‌سازى و گه‌شتیارى.
هیوادارم ئه‌و باس و لێكۆڵێنه‌وانه‌ى له‌م كۆنگره‌یه‌شدا پێشكه‌ش ده‌كرێن، كۆمه‌ڵێك ڕاسپارده و پێشنیازى سوودبه‌خشى بۆ حكوومه‌تی هەرێمی كوردستانی لێ بكه‌وێته‌وه كه بتوانێت له په‌یڕه‌وكردنى سیاسه‌تى پشتگیریى كه‌رتى تایبه‌تدا سوودى لێ وه‌ربگرێت.
ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه لابه‌رین كه له‌ژێر كاریگه‌ریى یاساكاندا، به‌تایبه‌تیش یاساكانى عیراقدا، ڕێگر بوون له‌وه‌ى كه‌شێكى له‌بارتر و دۆخێكى هانده‌رتر بۆ كه‌رتى تایبه‌ت له كوردستان بێته ئاراوه. وه‌ك ڕێگرییه ده‌ستوورریه‌كان سه‌باره‌ت به كه‌رتى دارایى و بازرگانى و گومرك و داڕشتنى سیاسه‌تى دارایى، گومركى و ڕێكخستنى سیاسه‌تى بازرگانى له سنووره‌كانى هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكان.
یاسا و ڕێنمایى و ڕێكارى جیامان تاقیكردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ڕۆڵ و به‌شداریى كه‌رتى تایبه‌ت له بنیاتنان و په‌ره‌پێدان و به‌ڕێوه‌بردنى ئابووریدا گه‌وره‌تر بكەین. پێشتریش له‌ژێر ڕۆشناییى سه‌ر‌نج و تێبینى و ڕه‌خنەكانى كه‌رتى تایبه‌تدا، ده‌ستكاریى هەندێك یاسا و ڕێنمایى و ڕێكاره‌كانمان كردووه و، به‌رده‌وامیش ده‌بین تا ده‌گه‌ینه باشترین شێواز بۆ ئه‌وه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت گه‌وره‌ترین به‌شدارى و كاریگه‌رى له ئابووریى وڵات‌دا هه‌بێت.
به‌ڕێزان..
سه‌ردانى ئه‌م دواییه‌ى شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا و دوای ئەوە سه‌ردانى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى و شاندى یاوه‌رى و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى و به‌رپرسانى عیراقى، ئومێد و ده‌رگاى تازه‌یان بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عیراقدا كردۆته‌وه. هیوادارین له‌سه‌ر هه‌موو پرس و بابه‌ته‌كان، له‌سه‌ر بابه‌تى سروشتى داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كانى كوردستان و ده‌وڵه‌تى عیراق، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌موو بابه‌ته‌كانى دیكه‌ش، له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه بگه‌ینه چاره‌سه‌ر به شێوه‌یه‌ك كه لە خزمەتی خێر و خۆشى بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەموو عیراقدا بێت. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە و دەبێت هەڤاڵان و برایانمان لە بەغدا بزانن ئەوەیە كە ئەم بارودۆخەی ئێستا ناكرێت بەردەوام بێت و پێویستە بە دانیشتن و گفتوگۆ و لێكگەیشتن بگەینە ئەنجامێك بۆ دڵنیابوون لە ئایندەی خۆمان لەو وڵاتە و هەروەها دڵنیا بوون لەوەی كە ئارامی لە هەموو عێراق بەردەوام دەبێت.
ئاماده‌كاریى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تیش بۆ ئۆپه‌راسیۆنى ئازادكردنه‌وه‌ى مووسڵ كراوه، ئازادكردنى مووسڵ له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه كاریگه‌رییه‌كى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر دۆخى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت، به‌تایبه‌تیش ده‌رفه‌تێكى گه‌وره‌یه بۆ وه‌به‌رهێنان و، له ڕووى بازرگانى و وه‌به‌رهێنان و ئابوورییه‌وه، كاریگه‌رییه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه لەسەر هەرێمی كوردستان. ئێمە هیوادارین دوای ئۆپەراسیۆنەكە سه‌رمایه‌یه‌كى زیاترى بیانى و عیراقى ڕوو له هه‌رێمى كوردستان بكات.
لەگەڵ ئەوەشدا نابێ له‌بیر بكه‌ین كه پرسى مووسڵ ئه‌وه‌نده‌ى پرسێكى سیاسییه، هێنده پرسێكى سه‌ربازى نییه. ڕزگاركردنى مووسڵ له ڕووى سه‌ربازییه هه‌موو كێشه‌كانى ئه‌و پارێزگایه چاره‌سه‌ر ناكات. ڕاسته پایته‌ختى ئه‌وه‌ى داعش ناوى ناوه "خەلا‌فەت، یان ده‌وڵه‌تى ئیسلامى" له تیرۆرستان پاك ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له‌وه گرنگتر قۆناغى دواى ئازادكردنى مووسڵه كه ده‌بێ هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌كانى، ڕۆڵى شایسته‌یان له پرۆسه‌ى سیاسى و ده‌ستنیشانكردنى ئاینده‌ى ناوچه‌كه‌یان و، چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌بردنیدا هه‌بێت. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، به دڵنیاییه‌وه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن و ده‌رگا له‌سه‌ر كێشه‌ى دیكه‌ش ده‌كرێته‌وه. بۆیه گرنگه، هه‌ر له ئێستاوه ڕێككه‌وتنێكى هه‌موو پێكهاته‌كانى مووسڵ، ئه‌و پرسه گرنگ و هه‌ستیاره، یه‌كلایى بكاته‌وه.
له كۆتاییدا دووباره به‌خێرهاتنان ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ كۆنفرانسه‌كه‌تان ده‌خوازم، ده‌ستخۆشى له یه‌كێتیى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكه‌كه‌ى به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات و هاوكارانى و سه‌نته‌رى زانیارى و لێكۆڵێنه‌وه‌ى ستراتیژیى كوردستان ده‌كه‌م بۆ ڕێكخستنى ئه‌م كۆنگره‌یه. هیوادارم ئه‌نجامه‌كه‌ى به سوود بۆ دۆخى هه‌رێمى كوردستان و باشتركردنى ڕۆڵ و پێگه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت له هه‌رێمى كوردستان بگه‌ڕێته‌وه. پیرۆزبایى یادى په‌نجا ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازی هه‌ولێرتان لێده‌كه‌م.
سه‌ره‌خۆشى له خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان ده‌كه‌م و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانى پیرۆزى شه‌هیدان داده‌نه‌وێنین، كه ئه‌مڕۆ به خوێنى گه‌شیان كوردستان پارێزراوه و داهاتووى ڕووناكه. هیواى زووچاكبوونه‌وه بۆ برینداران ده‌خوازم و سوپاس و پێ‌زانین بۆ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و ته‌واوى هێزه ئه‌منییه‌كانى كوردستان، كه له سایه‌ى قاره‌مانیه‌تیى ئه‌واندا، وڵات ئارام و سه‌قامگیره و ئه‌مڕۆ هه‌موومان لێره به ئارامى به‌سه‌ر ده‌به‌ین.
سوپاس و پێ‌زانین بۆ خه‌ڵكى كوردستان و هەموو ئه‌و كارمه‌ند و مووچه‌خۆرانه‌ى كه تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخى نه‌خوازراوى ئه‌مڕۆى وڵات هه‌یه و به‌رگه‌ى زۆر سه‌ختییان گرتووه و ده‌گرن. هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌م دۆخه‌ش سه‌ركه‌وتووانه تێده‌په‌ڕێنین و دڵنیاین كه داهاتووى كوردستان ڕووناكه.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م،
ڕۆژێكى خۆش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم..
هەموو لایەكتان بەخێربێت و سەر چاوان