دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 8/1/2018ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه ههفتانهكهیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، تیشكی خسته سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌وه.
سه‌ره‌تا به‌ڕێزیان له وته‌یه‌كدا گوتی "ئه‌مڕۆ ئێمه كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانمان هه‌بوو، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر پرسی وردبینی له پرۆسه‌ی نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستان بوو. به‌پێی یاسای نه‌وت و غاز كه له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پابه‌ند كردووه كه پێویسته وردبینی له كۆی پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كرن و فرۆشتنی نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستان بكات. به‌پێی ئه‌و یاسایه ئێمه شوباتى 2016 له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و بڕیاره‌مان ده‌ركردووه و ئێمه‌ی پابه‌ند كردووه كه كۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تیی بواری وردبینی بهێنینه هه‌رێمی كوردستان و وردبینیی ته‌واو له‌و پرۆسه‌یه‌دا بكه‌ن. ئه‌مڕۆ به خۆشحاڵییه‌وه ده‌توانم ئه‌وه ڕابگه‌یه‌نم كه له‌پێناو شه‌فافیه‌ت له هه‌رێمی كوردستاندا و وردبینیكردن له پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كرن و فرۆشتنی نه‌وت، ئێمه هه‌نگاوێكی زۆر گرنگمان جێبه‌جێ كردووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه دوو كۆمپانیای ئه‌و بواره‌مان هێناوه‌ته هه‌رێمی كوردستان كه یه‌كه‌میان كۆمپانیای (دیلۆیت) و ئه‌وی دیكه‌شیان كۆمپانیای (ئێرنستینگ)ه كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستاندا كاری وردبینی ده‌كه‌ن و دوو كۆمپانیای زۆر گرنگن و له جیهان ناسراون و به‌پێی ئه‌و ته‌نده‌ره‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان كراوه، ئه‌م كاره جێبه‌جێ كراوه".
له به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "ئه‌م پرۆسه‌یه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز جێبه‌جێ كراوه، نه وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان و نه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به سوپاسه‌وه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستانه‌وه جێبه‌جێ كراوه. ده‌مه‌وێ لێره سوپاسی سكرتێری ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و غاز به‌ڕێز د. ئامانج ڕه‌حیم و ئه‌وانه‌ی كار له‌گه‌ڵی ده‌كه‌ن بكه‌م، كه هه‌ر له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه به خه‌مخۆرییه‌وه كاری جددیان له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه كرد تا گه‌یاندیانه ئه‌مڕۆ. هه‌روه‌ها سوپاسی ئه‌و كادره گه‌نجانه و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان ده‌كه‌م كه یارمه‌تیده‌ر بوون له‌م پرۆسه‌یه‌دا، هه‌روه‌ها سوپاسی كۆمپانیای دیلۆیتیش ده‌كه‌م كه زۆر به وردبینییه‌وه كاری وردبینییهكهیان ته‌واو كردووه. ئێمه هه‌موو وردبینیی ئه‌و ڕاپۆرته له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان له ڕۆژانی داهاتوودا باس ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵیان ڕێككه‌وتووین به‌رله‌وه‌ی ژماره‌كان بڵاو بكرێته‌وه، له‌گه‌ڵیان باسی ده‌كه‌ین و دواتر هه‌موو ئه‌و ژماره و ورده‌كارییانه‌ی له ڕاپۆرتی دیلۆیتدا هاتووه بۆ خه‌ڵكی كوردستان و ڕای گشتی بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه. پرۆسه‌یه‌كی زۆر گرنگ بووه و وردبینییه‌كی زۆر ورد له‌مباره‌یه‌وه كراوه كه به ڕاستی ئه‌مه جێگه‌ی خۆشحاڵییه. هه‌روه‌ك گوتم هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه له بهشهفافیهتكردنی پرۆسه‌ی نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستان كه ئه‌مه بابه‌تێك بووه زۆر جێگه‌ی پرسیار بووه له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان و وڵاتانی ده‌ره‌وه و هه‌موو كه‌سێكه‌وه، پێموایه دوای ئه‌و ماوه‌یه و ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مڕۆ پێیگهیشتین، هه‌نگاوێكی تا بڵێی گرنگ له پرسی شه‌فافیه‌ت له‌م بواره‌دا نرا".
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "هه‌روه‌ك خۆتان ئاگادارن و له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی پێشتریش ئاماژه‌م پێكرد، له‌لایه‌ن به‌غداوه لیژنه بۆ پرسی مووچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌ده و ته‌ندروستی دوست كراوه و لێره‌ش گوتم ئاماده‌ین هه‌موو ئاسانكاری و هاوكارییه‌ك بكه‌ین ئه‌گه‌ر به ڕاستی به‌غدا نیازی هه‌بێت مووچه‌كان بدات، لیژنه‌كانی نێوان ئێمه و به‌غدا باسی ئه‌و بابه‌ته‌یان كردووه و قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ مووچه‌یه‌ك له به‌غداوه نه‌گه‌یشتۆته هه‌رێمی كوردستان و هیوادارم ئه‌م بابه‌ته بگاته ئه‌نجام و مووچه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌تانه و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ش له به‌غداوه بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت. ئاماژه به‌وه كراوه كه به‌غدا پاره‌ی جووتیارانی خه‌رج كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له به‌غداوه نه‌گه‌یشتۆته هه‌رێمی كوردستان كه نزیكه‌ی 700 ملیارد دینار قه‌رزداری جوتیارانی هه‌رێمی كوردستانه".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به ڕاگه‌یاندنی وردبینیی ئه‌و دوو كۆمپانیا بیانییه و دروستكردنی ئیحراجی بۆ به‌غدا و بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌باره‌ت به ڕاگرتنی كاره‌كانی كۆمپانیای كار له كێڵگه‌كانی كه‌ركووك و ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیای سۆمۆوه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند "ئه‌و كاره‌ی ئه‌مڕۆ كردوومانه بۆ ئیحراجی هیچ كه‌سێك نه‌بووه، ئه‌وه‌ی كردوومانه زیاتر بۆ شه‌فافیه‌ت بووه له پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستاندا و ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه زۆر گرنگه، ئه‌گه‌ر به‌غدا گرنگی به‌و بابه‌ته ده‌دات و ده‌یه‌وێت ئاگاداری ژماره‌كان بێت و بزانێت چیمان كردووه؟ ئێمه ئاماده‌ین په‌رله‌مانی عێراق بێت، یان حكوومه‌تی به‌غدا بێت، هه‌ر كامێكیان بێت هه‌موو داتا و شته‌كان بخه‌ینه به‌رده‌ستیان، چونكه ویستوومانه ئه‌وپه‌ڕی شه‌فافیه‌تمان هه‌بێت له پرۆسه‌ی نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستاندا و ئاماده‌ین پیشانیان بده‌ین ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت بیبینن. سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ی كه داویانه، ئێمه پێمانوایه ئه‌مه بڕیارێكی ته‌واو له جێگه‌ی خۆی نییه، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ئه‌م كارانه ده‌كات كۆمپانیای كه‌رتی تایبه‌ته و پێموایه پێویست ناكات په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و بڕیاره بدات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه به بڕیارێكی دیكه‌ی په‌رله‌مانی عێراق خۆشحاڵین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه بڕیاریان داوه لیژنه‌یه‌ك بۆ پرسی دووزخورماتوو دروست بكه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕاست بێت و ئه‌نجام بدرێت، هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌بێت، چونكه بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش ئه‌و بابه‌ته و ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی ده‌كرێته سه‌ر موڵك و ماڵ و گیانی خه‌ڵك له دووزخورماتوو، ده‌بێت به جددی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت و لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو له‌و پێشێلكارییانه بكرێت كه تا ئێستا له‌و سنووره ئه‌نجامدراون".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئایا دیلۆیت وردبینی له‌و بڕه نهوتهشدا ده‌كات كه پێش ساڵی 2017 له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه فرۆشراوه، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى كاری داهاتووی ئه‌م كۆمپانیایانه و وه‌ڵامی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ نامه‌كه‌ی به‌رێز سه‌ركۆماری عێراق سه‌باره‌ت به ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "ئه‌و وردبینییه‌ی ئێستا كۆمپانیای دیلۆیت ئه‌نجامی داوه، شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2017یه. گرێبه‌ستی ئێمه له‌گه‌ڵ دیلۆیت ته‌نیا ئه‌وه نییه كه وردبینی له بابه‌تی نه‌وتدا بكه‌ن، به‌ڵكو گرێبه‌سته‌كه‌مان له‌گه‌ڵیان ئه‌وه‌یه كه ئێمه له مانگی 5ی ساڵی 2014 هه‌نارده‌ی نه‌وتمان ده‌ستیپێكردووه، دوای ئه‌وه‌ی له مانگی 2ی هه‌مان ساڵ به بڕیارێك له به‌غداوه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕدرا، پرۆسه‌ی وردبینی له نه‌وت و غاز له مانگی 5ی 2014ه‌وه ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئێستا ئاماده‌یه شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2017یه و بڵاو ده‌كرێته‌وه و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش وردبینی ده‌كرێت، وردبینی له هه‌موو پاڵاوگه‌كانی كوردستان و ئه‌و پاره‌یه ده‌كرێت كه وه‌رگیراوه و كاتی خۆی پێی ده‌گوترا شیرینی، ئه‌وانه هه‌موو وردبینی ده‌كرێت و هه‌مووشی بۆ خه‌ڵكی كوردستان و جیهان و عێراق بڵاوده‌كرێته‌وه. به‌ڵێ نامه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار به ده‌ستی ئێمه گه‌یشتووه و وه‌ڵامی نامه‌كه‌مان داوه‌ته‌وه و ئاماده‌ییی خۆشمان ده‌ربڕیوه ئه‌م دانوستانانه ده‌ستپێبكه‌ین، هه‌ركاتێك به‌غدا ئاماده‌بێت ئێمه‌ش ئاماده‌ین".
سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی به‌ڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر داهاتی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە گوتەی ئەو، بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لیست و ژمارەکان دیارن، ئێمەش بە ژمارە وەڵاممان داوەتەوە کە ئایا ئەمە بەش دەکات یان بەش ناکات. هیوادارین ئەم وردبینییەی کە ئەمڕۆ لەلایەن کۆمپانیای جیهانیی وردبینیی (دیلۆیت)ه‌وه کراوە، بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو پرسەی کە ئەمڕۆ لەنێوان ئێمە و بەغدا هەیە و ئەوانیش بگەنە ئەو بڕوایه‌ى کە ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە لە هەرێمی کوردستان، بەشی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات. ئێمە ئامارمان لەبەر دەستە و ئامادەین ئەگەر بیانەوێت وردبینی بکەن لە هەموو ئەو ئامارانەی کە هەمانە، با بێن ئەو باوه‌ڕه‌یان بۆ دروست بێت، ئەوەی لەبەر دەستى ئێمەیە بەشی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات".
دەربارەی ئەوەی کە ئایا پارتی و یەکێتی ڕێککەوتوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک، بەڕێزیان گوتی: "لە کۆبوونەوەی دوێنیێ نێوان پارتی و یەکێتیدا قسە لەسەر ئەم بابەتە کراوە، بەڵام تا ئێستا ئێمە نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک، بڕیار وایە کۆبوونەوەی دیکە بەدوایدا بێت".
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دەنگۆی سه‌ردانى به‌ڕێزیان بۆ تورکیا، بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد: "پەیوەندی هەیە لە نێوان ئێمە و تورکیا، بەڵام تا ئێستا وادەیەک دەستنیشان نەکراوە بۆ ئەوەی ئێمە سەردانی تورکیا بکەین. به‌ڵام ئەو پەیوەندی و قسەکردنه لەنێوان ئێمە و تورکیا بە بەردەوامی هەیە و هیوادارین بگاتە ئەوەی کە دانیشتنیش بکرێت لەگەڵ تورکیا و ئەو په‌یوه‌ندییه‌ی لەنێوان ئێمە و تورکیادا هەبووە ئاسایی بکرێتەوە. بۆ هەرێمی کوردستان، تورکیا وڵاتێکی گرنگە و هەرێمی کوردستان خوازیارە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دراوسێكانى هەبێت".
دەربارەی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانیش، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە كرد: "تا ئێستا نەمبیستووە هیچ لایەنێک باس لەوە بکات کە نایەوێت هەڵبژاردن بکرێت. ئێمە لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دانیشتنمان کردووە و ئەوان ڕوون بوون لەوە کە ئەو پێداویستیییانەی پێویستیان پێیەتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و داوایان کردووە، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پێداویستییانەیان بۆ جێبەجێ دەکەین. وادەی هەڵبژاردنیش، بڕیار وایە کۆمسیۆن و حکوومەت و پەرلەمان دابنیشین و ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بکەین. هیوادارین لە هەفتەی داهاتوودا ئەم کۆبوونەوەیە بکەین و بتوانین ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بکەین. هەڵبژاردن بۆ هەموو لایەک گرنگە، بۆ شەرعییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بۆ هەموو لایەکمان و هەروەها بۆ دەرچوون لەو دۆخه‌ى کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، بابه‌تى هەڵبژاردن زۆر گرنگە و دەبێ بکرێت".
سه‌باره‌ت کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی بەریتانیا دەربارەی تاوتوێکردنی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "تا ئێستا بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشتی ئێمە نەکراوە، بەڵام ئەگەر داوا بکرێت، ئامادەین نوێنەر بنێرین بۆ کۆبوونەوەکە بۆ هەموو ڕوونکردنەوەیەک".
بەڕێزیان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامار و داتا‌کان لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه دا "ئەو ئامارانە هی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە، ئەو ئامارانە هی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەن کە ئەو ئامارانەیان پێشكه‌ش کردووە، ئەو کۆمپانیایانەش نە بۆ ئێمە و نە بۆ بەغدا و هیچ لایەک ئاماده نین ڕأستى نه‌ڵێن، چونکە سه‌رمایه‌ى ئەو کۆمپانیایانە لەوە دایە کە دەیانەوێت بەوپەڕی شەفافییەتەوە کارەکانی خۆیان بکەن و هیوادارم ئەو وردبینییەی کە کراوە ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی ئێمە و بەغدا لەو پرسەی کە هەیانە لەسەر ژمارە و چۆنیەتیی هەناردەکردنی نەوت".
لەسەر پرسی هەوڵی بەغدا بۆ بەعەرەبکردنی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، به‌ڕێز سەرۆک وەزیران باسی لەوە کرد "تەعریبکردن زۆر پرسێکی گرنگە و زۆر بە نیگەرانییەوە سەیری ئەم هەنگاوانە دەکەین و پێمان وایە ئەم هەنگاوانە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی ئاڵۆزیی زیاتر لەو ناوچانە و هیوادارین بەغدا زۆر بە جددی لەسەر ئەو بابەتە هەڵوەستە بکات و ده‌رفه‌تى ئەوە نەدرێت، چونکە بێگومان ئەوە چارەسەر نییە، چارەسەرەکەی زۆر ڕوونە، نەخشەڕێگایەک هەیە، ماددەیەکی دەستووری هەیە، پێم وایە باشترە بیر لەوە بکرێتەوە کە چۆن ئەو ماددە دەستوورییە کە دەستووری عێراقە و هەموو گەلی عێراق دەنگی بۆ داوە، جیبەجێ بکرێت".
بەڕێزیان لە لە وەڵامی پرسیارێکى دیكه‌دا سەبارەت بە تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا "باشترە کۆمسیۆن خۆی وەڵامی ئەو ڕاپۆرتانە بداتەوە لەسەر بوونی ناوی دووبارە و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران هه‌یه. کۆمسیۆن لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئێمە باسی لەوە کردووە کە هەندێ لیستی تۆماری دەنگدەرانیان پاک کردووەتەوە و بەردەوامیش کاریان لەسەر ئەوە کردووە، کۆمسیۆنیش تەنیا لە یەک لایەن پێک نەهاتووە، هەموو لایەنەکانی تێدایە، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نوێنەریان هەیە و هەمووشیان ئه‌وه‌یان دووپات كردۆته‌وه کە پێشکەوتنێکی زۆر باش لە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران کراوە. ئەو لایەنەش کە دەتوانێت قسە لەسەر ئەم ژمارانە بکات کە من یەکەمجارە گوێم لێ دەبێت (900) هەزار ناوی دووبارە هەبێت، کۆمسیۆن دەبێ وەڵام بداتەوە و کە لەگەڵ ئێمەش دانیشتن، کۆمسیۆن ئەو ژمارە خەیاڵییەیان لا نەبوو، پێشم وانییە ئەو ژمارانە ڕاست بن".
سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆمیش، بەرێز نێچیرڤان بارزانی ڕوونی كرده‌وه "پیش‌تر قسەی خۆمان کردووە و پێویست ناکات دووبارەی بکەینەوە".
لە کۆتاییی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەوەی کە گوایە لە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان پارتی و یەکێتیدا باس لە دروستکردنی لیستێکی هاوبەش کراوە بۆ بەشداری لە هەردوو هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕەتیکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە لیستێکی هاوبەش کرابێت بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا گوتی "لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیارێک کرا کە ئەگەر هێزە سیاسییەکانی کوردستانی بە یەک لیست لە هەڵبژاردنەکانی عێراق پێکەوە دابەزین، ئەمە زۆر باش دەبێت بۆ داواکاریی هەرێمی کوردستان بەگشتی بە هەموو پێکهاتەکانەوە. ئەمە تەنیا وەکو پێشنیارێک باس کراوە، ئێمەش پێمان باش بوو بیر لە شتێکی وا بکرێتەوە لە عێراق و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکەین، بەڵام لە هەرێمی کوردستان باس لەوە نەکراوە".