سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 12-4-2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێز تۆبیاس ئێلوود وه‌زیری ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئافریكا و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا كه به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و دۆستایه‌تی و پاڵپشتیی خه‌ڵك و حكوومه‌تی به‌ریتانیایان بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه و پاراستنی ئاواره و په‌نابه‌ران به هه‌موو پێكهاته‌كانیانه‌وه و هه‌ماهه‌نگیی نیوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقیان به‌رز نرخاند.
سه‌باره‌ت به بارودۆخی مووسڵ دوای داعش، شاندی میوان به پێویستی زانی هه‌ماهه‌نگییه‌كی ته‌واو له نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی شاره‌كه و هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌بێت به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی. شاندی میوان پاڵپشتی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ك، كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌لایه‌كی دیكه به ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ ده‌ربڕی.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی سه‌ردانی شاندی میوان و پاڵپشتی و هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی به‌ریتانیا له بواره‌كانی مرۆیی و سه‌ربازیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و به پێویستی زانی هه‌ماهه‌نگییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و ئاوه‌دانكردنه‌وه و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ڕه‌وشی ئابووریی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه بۆ پێكهاته‌كانی شاری مووسڵ دوای داعش كه تا ئێستا گرنگی پێنه‌دراوه و ئه‌ركی سه‌ره‌كیش له‌مباره‌یه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی حكوومه‌تی عیراق و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌مڕووه‌وه نیشان دا.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی قوربانییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه له دژی تیرۆر و حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران و بههاناوهنههاتنی به‌غدا بۆ ئه‌م پرسه وه‌ك پێویست، بۆ شاندی میوان خسته ڕوو و دووپاتی كرده‌وه جگه له هه‌ماهه‌نگیی سه‌ربازی، له هیچ بوارێكی دیكه‌دا هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌بووه و به پێویستی زانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌مباره‌یه‌وه هاوكار بێت.
سه‌باره‌ت به داهاتووی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه دیالۆگێكی جددی له نێوان لایه‌نه‌كانی كوردستاندا هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كان و گفتوگۆیه‌كی چڕیش له‌سه‌ر بابه‌تی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان خۆیان داهاتووی خۆیان دیاری بكه‌ن، به‌ڕێوه ده‌چێت. له‌مباره‌یه‌شه‌وه به پێویستی زانی دیالۆگی ڕاشكاوانه له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێبكرێت، چونكه هه‌رێمی كوردستان خوازیاره سیستمی سیاسی هه‌ر چۆنێك بێت، باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت.