حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 30 APR 2024 22:13 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

حكوومه‌ت و لایه‌نه‌كان، پاراستنی یه‌كڕیزی و تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كه دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌

TUE, 21 NOV 2017 17:53 | KRG Cabinet


شاندێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان، گرنگیى ته‌بایى و یه‌كڕیزیی نێوخۆیی بۆ تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كه و گفتوگۆی جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، دووپات ده‌كه‌نه‌وه.

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21/11/2017 به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان كه‌ له‌ به‌ڕێزان عه‌بدولسه‌تار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و ئاودێرى و مه‌ولوود باوه‌موراد وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مانی كوردستان ـ وه‌زیرى گواستنه‌وه به‌ وه‌كاله‌ت پێكهاتبوو، له سلێمانی له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكى‌ سیاسى كۆبوونه‌وه.



سه‌ره‌تا له گردی زه‌رگه‌ته له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتی و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانى بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێشهاته سیاسییه‌كان و دۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان، كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا، ڕه‌وشی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كێشه و قه‌یرانه‌كان تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ بۆ به‌رژوه‌ندیی گشتى، ڕێز له‌ پره‌نسیپه‌ گشتییه‌كان بگیرێت و جه‌خت له‌ یه‌كێتی و ته‌باییی نێوخۆیی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشهاته‌كانی ئێستا و داهاتوو كرایه‌وه‌. بڕیار درا ده‌رباره‌ى پێشنیار و سه‌رنجه‌كانى بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ حكوومه‌ت، كۆبوونه‌وه‌ی زیاتر ئه‌نجام بدرێن و گفتوگۆی تێروته‌سه‌لیان له‌سه‌ر بكرێت.



به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد مانه‌وه‌ی كابینه‌ی ئێستای‌ حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و واده زیادكراوه‌دایه‌ كه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان درێژ كراوه‌ته‌وه‌، به‌ پێویستیشی زانی هه‌مووان پشتگیریى حكوومه‌ت بكه‌ن تاكو سه‌ركه‌وتووانه قه‌یرانه‌كان‌ تێپه‌ڕێنێت و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.


شانده‌كه له ده‌باشان له‌گه‌ڵ خاتوو هێرۆ ئیراهیم ئه‌حمه‌د، به‌ڕێزان مه‌لا به‌ختیار و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، دۆخی ئێستا، كۆبوونه‌وه‌كانی حكوومه‌ت، ڕه‌وشی مه‌یدانی، پێداگیریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆی جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، پشتگیری له‌ حكوومه‌ت و ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوویان، خسته به‌ر باس.



له‌ دوا وێستگه‌دا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود سكرتێر و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان، دۆخی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ حكوومه‌تێكی به‌هێزی هه‌رێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد. یه‌كڕیزی و پشتگیریى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان و گفتوگۆى جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، دووپات كرایه‌وه‌.