Skip to the content

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بەشداریی یەکەمین کۆڕبەند و پێشانگای وەبەرهێنان و ئابووری کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دکتۆر عەبدلحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە سلێمانی بەشداری لە یەکەمین کۆڕبەند و پێشانگای وەبەرهێنان و ئابووری كرد كە جێگری سەرۆکی حكوومەت و ژمارەیەك وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت و نوێنەری سەدان کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی ئامادەبوون.
 
سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەمیانی پانێلێكدا وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە و تیشكی خستە سەر گرنگیی حكوومەتی ئەلیكترۆنی و کارکردن لەسەر ئەو سیستم و ڕێكارانەی كە لەو پێناوەدا بەكارهێنراون و جێبەجێكراون، هەروەها باسی لە هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی لەناو دامودەزگاكانی حكوومەت و شێواز و چۆنیەتیی هەماهەنگی و بەدواداچوون كرد وەك ئەركی سەرەكیی فەرمانگە.
 
هەر لە پانێلەكەیدا باسی لە چاكسازیی سەرجەم سێكتەرەكان كرد، بەپێی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لە بواری دارایی و ئابووری، وەبەرهێنان، بازرگانی و پیشەسازی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ كە دەرفەت و  ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنی بۆ ئەوەی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران پڕۆژە و سەرمایەكانیان لە كوردستان بخەنەگەڕ، ئەوەش بە سوودوەرگرتن لەو ژینگە لەبارەی کوردستان كە دەبێتە هۆكارێك بۆ بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.