Skip to the content

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و شاندی یاوەریان کرد

ڕۆژی دووشەممە ١٥ـی نیسانی ٢٠٢٤، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە کۆشکی سپی، پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و شاندی عیراق کرد.

بایدن و سوودانی قسەیان بۆ ڕۆژنامەوانان کرد. بایدن گوتی "ئەمه‌ریکا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، ئێمە پابەندین بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێک کە بارمتەکان دەگەڕێنێتەوە ماڵەوە و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو گرژییە دەکات کە ئێستا هەیە، هەروەها پابەندین بە پاراستنی ئەمنییەتی کارمەند و پێرسۆنێلەکان و هابەشەکانمان، لەنێویاندا عێراق".

بایدن باسی لە گرنگی پەیوەندی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا کرد و گوتی: هاوبەشی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا گرنگە، ئێمە لە دەیەی ڕابردوو بینیومانە کاتێک کە سەربازەکانمان شانبەشانی یەکدی کاریان بۆ شکستپێهێنانی داعش کردووە، هەروەها ئەوەشمان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوانمان بینیوە". هه‌روه‌ها سوپاسی سوودانی کرد کە سەرنج دەخاته‌ سەر ئابووری و سەربەخۆیيی عێراق.

هاوکات سوودانی باسی لە گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی: پەیوەندی نێوان عێراق و یلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا وێستگەیەکی گرنگ بەخۆوە دەبینێت. هەروەها گوتیشی: بەرنامەی دروستمان داڕشتووە بۆ گواستنەوەی سەربازی لە ڕێگەی ليژنەی باڵای سەربازیی دووقۆڵی، کە هەڵوێستی سەربازی و بارودۆخی ئۆپەراسیۆنەکان و گەشەپێدان و تواناکانی هێزە ئەمنییەکان هەڵدەسەنگێنێت و پابەند دەبین بە دەرهاویشتەکانی ئەو ليژنەیە.

شايانى باسه‌ عێراق و ئەمه‌ریکا لە ساڵی ٢٠٠٨دا، دوو ڕێککەوتنیان واژۆ کرد، یەکەمیان ناسراوە بە "ڕێککەوتنی سۆفا" و دووەمیانيش ڕێککەوتنی "چوارچێوەی ستراتیژی"يه‌