Skip to the content

بەشداریکردنی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە سێیەمین پێشانگەی تەکنەلۆجیای هایتێکس ٢٠٢٢

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی دید و ئامانجی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بۆ پێکانی ئەم دید و ئامانجە، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بەشداربوو لە سێیەمین پێشانگەى ساڵانەی تەکنەلۆجیای هایتێکس لە ڕێکەوتى ٢٧ تا ٣٠ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢. گرنگی بەشداریکردنی فەرمانگە لە پێشانگەکانی تەکنەلۆجیا بۆ خستنەڕووى سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانە بە مەبەستی نیشاندانی هەنگاوەکانی پڕۆسە و ستراتیجیای بەدیجیتاڵکردنی حکومەت بە هاووڵاتییان و دەزگاکانی میدیا و ڕای گشتی.
دیارترین ئەو سیستەمە ئەلیکترۆنییانەى کە لە ئێستادا کاریان لەسەر دەکرێت و لەلایەن تیمی فەرمانگەوە لە پێشانگەی تەکنەلۆجیا نمایشیان بۆ کرا بریتین لە (سیستەمی زانیاریی دانیشتووان، سیستەمی سکاڵای هاووڵاتییان، و سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان). ئەو سیستەمانە کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان چونکە دەبنە هۆی خێراکردن و ئاسانکردنی ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان، هەروەها دەبنە هۆکار بۆ کەمکردنەوەى ڕۆتین و بەکارهێنانی کاغەز و تەنانەت بنبڕکردنی زیادەڕەوی لە خەرجی لە دامەزراوەکانی حکومەت.

هایتێکس گەورەترین پێشانگەی ساڵانەی تەکنەلۆجیایە لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق. ساڵانە چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تێیدا بەشدار دەبن بۆ خستنەڕووی نوێترین پڕۆژە و داهێنانەکانی بواری تەکنەلۆجیا.