Skip to the content

پەیامی پیرۆزبایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح ( د.خ)

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت)، پیرۆزباییەکی گەرم لە تەواوی خوشک و برایانی کریستیان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین, دەخوازین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێرو خۆشی بۆ تەواوی جیھان بەگشتی و نیشتمانەکەمان بەتایبەتی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەداتە تەواوی خوشک و برایانی کریستیان و تەواوی پێکھاتە و ئایین و ئایینزاکانی دیکە، کە بەردەوام دەبێت لەسەر پەرەپێدانی ئەو کلتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کە لە وڵاتەکەمان دا ھەیە و وەک ھەمیشە دەیپارێزێت.
ئێمە لە کاتێکدا ڕێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە بەڕێدەکەین کە ھێشتا پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەربڵاوە و مەترسییەکانی لەسەرمان ماون، بۆیە داوا لە ھاونیشتمانیانی خۆشەویست دەکەین بۆ پاراستنی خۆیان و کەسوکاریان رێکارەکانی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە پەیڕەو بکەین.

د.جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١