Skip to the content

فەرمانگەی میدیا و زانیاری و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشیان بۆ پشتگیری ژنان و گەنجان واژۆ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی نیسانی ٢٠٢٢، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سندوقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتووان (UNFPA)، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد بە ئامانجی پێشگرتن له‌ توندوتیژیی جێنده‌ری و بەشداری گەنجان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

لە رێوڕەسمەکەدا سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێدا بەشداربوو.

ئەم لێکتێگەیشتنە هەوڵێکە بۆ هۆشیارکردنەوە و ڕێگریکردن و وەڵامدانەوەی توندوتیژییە جێندەرییەکان لەسەر مافەکانی ژنان و هەڵگرتنی دروشمی تەندروست و هۆشیارانە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئەم یاداشتە فەرمانگەی میدیا و زانیاری و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان کەمپەینی هاوبەش ئەنجام دەدەن و پشتیوانی لە بڵاوکردنەوەی داتاکان و بەشداری هاوڵاتیان دەکەن.

ئەم یاداشتنامەیە پلان دادەنێت بۆ هاوکاری زیاتری نێوان فەرمانگەی میدیا و زانیاری و سندوقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتووان بۆ هاوبەشی کردن لە ناو کۆمەڵگا و یارمەتیدانی چالاکیەکان.