Skip to the content

لە ماوەی ٦ بۆ ٨ مانگدا پردی دەربەندی رانیە تەواو دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێزیی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەشدا، گرنگترین پرۆژەی ستراتیژیی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، جێبەجێدەکرێت.

پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە، کە ئیدارەی ڕاپەڕین بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە، دەبێتە درێژترین پردی ناوچەکە و لە ماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا، تەواو دەکرێت.

هیوا عەبدوڵڵا، ئەندازیاری پرۆژەی دەربەندی ڕانیە، لەبارەی گرنگیی پڕۆژەکە، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:''پڕۆژەکە، یەکێکە لە پرۆژە بەردەوام و ستراتیژییەکانی حکومەت لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەویش بە خاسیەتی ئەوەی یەکەمجارە کە پرۆژەیەکی هاوشێوە لە ناوچەکە جێبەجێدەکرێت.''

سەبارەت بە کارکردن و ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە، هیوا عەبدوڵڵا، گوتیشی:''لەدوای وەستانی پرۆژەکە بۆ ماوەیەک، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە تەرخانکرد و بەمەش کارکردن لە پرۆژەکە دەستیپێکردەوە، ئەگەر تووشی قەیرانی دارایی نەبینەوە، لەماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا، پرۆژەکە تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەت شۆفێران و هاووڵاتییان.''

تاوەکو ئێستا ٦٠٪ـی پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە تەواو بووە و کارکردنیش بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە لەکاتی خۆیدا، بەردەوامە.

هیمداد ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە، لەبارەی پێکهاتەی پڕۆژەکەوە گوتی:''درێژیی پردەکە ٤٠٨ مەترە و بەرزییەکەشی ٢١ مەترە. لە دوو ئاراستەی چوون و هاتن پێکهاتووە کە پانیی هەر ئاراستەیەک ٥ مەتر و نیوە، ئەمە جگە لەوەی پایەڵەکانی پردەکە ١٢ مەتر لەژێر زەوییەوەن.''

گوژمەی دروستکردنی پردی دەربەندی ڕانیە، ١٢ ملیار و ٤١٦ ملیۆن دینارە و پێشتر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەردی بناخەکەی داندراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢