Skip to the content

حکومەتی هەرێم ئاسانکاریی خوێندنی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا ڕزگاربووانی دەستی تیرۆرستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمار کراوە و لە خوێندن دابڕاون، ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکرێت، تا بگەڕێنەوە خوێندن.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە مەبەستی ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش، لە ٢٠٢٤/٧/١٨ چەند فەرمانێکی گرنگی وەزاری دەرکرد، کە بریتین لە:

-پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان خۆیان، سەرپەرشتیی لیژنەیەکی تایبەتمەند بکەن لەو بوارە، بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چونکە بەشی هەرەزۆری ڕزگاربووان لەو سنوورانە نیشتەجێن.
- تەواوی دەسەڵاتەکان بۆ بەدەرکردن (استثناء) لە مەرجەکانی تەمەن دەبەخشێت بە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ گەڕاندنەوەی ڕزگاربووان بۆ خوێندن.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لەم بارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "ئەوەی لە لەتواناماندا بێت بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش، بەبێ کەموکوڕی دەیکەین. هەموو ئەو ڕزگاربووانەی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتییان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەوتوونەتە دەستی داعش و دواتر تەمەنی یاسایییان تێپەڕیوە و مەرجەکانی وەرگرتنیان نەبووە؛ بۆ ئەوەی ئاسانکارییان بۆ بکرێت، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە، ڕزگاربووان لە تەواوی مەرجەکانی خوێندن ببەخشرێن و هەڵاوێردیان بۆ بکرێت، هەر پەیمانگایەکی حکومییان ویست دەتوانن هەڵیبژێرن و تیایدا بخوێنن".

هەروەها گوتیشی: "هەر پەیمانگایەک کۆمەڵێک بنەما و مەرج و تایبەتمەندیی خۆی بۆ وەرگرتن هەیە، بەڵام ڕزگاربووان لە هەموو مەرجەکانی تەمەن و کێبڕکێ و چاوپێکەوتن دەبەخشرێن و مافی ئەوەیان هەیە لە هەموو پەیمانگا ناحکومییەکان بێبەرامبەر بخوێنن. هەروەها دابەشکردنی کورسیی خوێندن بۆ ڕزگاربووان لە دەرەوەی ئەو کورسیانە دەبێت کە پەیمانگاکە بۆخۆی دیاری کردووە. واتە مافی ئەوەیان هەیە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەبێ بەرامبەر لەو پەیمانگایانە خوێندن تەواو بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ قورسایی و بارگرانییەک بخرێتە سەر پەیمانگە. ئەم فەرمانە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕزگاربووانی دەستی داعش بەشێکی زۆریان لە هەرێمی کوردستان دەژین. لە ساڵانی ڕابردوو، بە هۆی مەرجی تەمەن لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ وەرگرتن، نەیانتوانیووە بچنەوە بەر خوێندن؛ بۆیە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا پێویستە وەزارەتی پەروەردە هەموو ئاسانکارییەک بۆ ڕزگاربووان بکات و چاوپۆشی لە هەموو مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتن لە پەیمانگە حکومی و ناحکومییەکان بکات.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری