Skip to the content

شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر چەند خاڵێک لە بواری باج ڕێک کەوتن

دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری و بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغداد، لەسەر چەند خاڵێک لە بواری باج گەیشتنە ڕێککەوتن، کە دەبێتە کارئاسانی بۆ ئەو کارگە و کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کار دەکەن؛ لە گرنگترینیان:

١- داننان بە پاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە کە پێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.

٢- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن، بە بیانووی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لە کوردستانن، دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لەکوردستان بدەن.

٣- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سووتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی هاندراو کە ماوەیەکە پێدانی سووتەمەنیان بەو کارگانە ڕاگرتووە، بە بیانووی نەدانی باج بە حکومەتی فیدراڵی.

٤- ڕێکەوتن لەسەر یەکخستنی ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.

٥- هەردوولا لەسەر بانکەکان ڕێک کەوتن کە بارەگای سەرەکیی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.

٦- هەردوولا ڕێک کەوتن لەسەر هەماهەنگیی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لەباج.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری