Skip to the content

وەزارەتی بازرگانی بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێریی بازاڕەکان دەکات

لە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزاندا، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی بازرگانی، بە ناو بازاڕەکانی هەولێردا گەڕان و چاودێریی نرخ و کوالیتیی کاڵا و خواردەمەنییەکانیان کرد.

سەردانەکە بۆ چڕکردنەوەی چاودێرییە لە مانگی ڕەمەزاندا، تاکوو فرۆشیاران زۆریی خواست بە فرۆشتنی کاڵای خراپ و نرخبەرز نەقۆزنەوە.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە ناو بازاڕ بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "ئامانجمان لە سەردانی بازاڕ لەگەڵ تیمەکانی چاودێریی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی، بەسەرکردنەوەی بازاڕ و تێگەیشتنە لە گیروگرفتەکانی ناو بازاڕ لەم مانگەدا".

گوتیشی: "تیمەکانی چاودێریی بازرگانی لە ٤ کاتی جیاوازدا چاودێریی بازاڕ دەکەن؛ تەنانەت لە پاششێویانیشدا چاودێری هەیە. ئەوەی تێبینییمان کرد تەنیا گۆشتی خۆماڵی نرخی تۆزێک بەرز بووەتەوە، لەمڕووەوە لەگەڵ دامودەزگەکانی دیکە لە هەوڵداین چارەسەری بکەین".

لیژنەکانی چاودێری لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی شار و شارۆچکەکان، لە مانگی ڕەمەزاندا هەوڵەکانیان بۆ چاودێریی نرخ و کاڵا لە بازاڕدا فراوان و چڕ کردووەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری