Skip to the content

وەزارەتی کارەبای هەرێم و عێراق لەسەر پاراستنی ئاسایشی کەرتی کارەبا هاوڕا بوون

وەزیری کارەبای عێراق و وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان وەزارەتی کارەبای عێراق و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان و تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ و هاوبەش کۆبوونەوە.

زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراقی فیدڕاڵ لەم بارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "ئامانجمان بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگییە لە نێوان وەزارەتی کارەبای عێراق و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان. چەند پرسێکی هاوبەشمان تاووتوێ کردووە، وەک سیستەمی هاوبەشی کارەبا، هەندێک کێشەی هەڵپەسێردراوی پەیوەست بە ناوچە هاوبەشەکان و ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی پرۆژەکان، بڕی وزەی ئاڵوگۆرکراو و ئاڵوگۆڕی شارەزاییەکان و هاوکاریکردنی یەکدی؛ هەموو ئەمانەش لە خزمەتی پشتیوانیکردنی سیستەمی کارەبا و سەقامگیریی ئەو کەرتەدایە".

ڕوانگەی هەردوو وەزارەت ئەوە بوو، لە لایەن حکومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە، پارێزگاری نەک هەر لەڕووی زەمینی، بەڵکوو ئاسمانییش لە کێڵگەی کۆرمۆر بکرێت.

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "باسمان لەو کێشانە کرد کە بۆ کێڵگەی کۆرمۆر دروست بووە و کاریگەری لەسەر سیستەمی کارەبای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە عێراق بووە. هاوکات باس لە چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانە کرا کە لە پرۆژەی دێرەلووک دروست بووە، کە خۆی لەو جیاوازییە دەبینێتەوە لە نێوان بەهای دۆلار و یەنی یابانی هەیە. پرۆژەی وێستگەی دێرەلووک بە قەرزی یابان دەست بەجێبەجێکردنی کراوە".

هەروەها لە کۆبوونەوەکە باس لەوە کرا، کە وێستگەی کارەبا بۆ هەندێک لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ دابنرێت، لە ناویاندا ناوچەکانی مەخموور، شێخان و ناوچەی شوان لە سنووری چەمچەماڵ.
لەگەڵ ئەوەش، بەڵێن درا کە سیستەمی سکادا بۆ کارەبای هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری