بە گوژمەی 90 ملیار دینار دەست بە دووبارە دروستکردنەوەی ڕێگەی شەقڵاوە – هەریر كرا

لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتی ڕێگەوبان، بە گوژمەی 90 ملیار دینار دەست بە تەواوكردنی پرۆژەی ڕێگەی شەقڵاوە – هەریر كرا.
هەڵگورد وەلی حوسێن، بەڕێوەبەری پڕۆژەكە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "درێژیی پڕۆژەکە 10 کیلۆمەترە؛ دوو ئۆڤەرپاس لەخۆ دەگرێت؛ یەکێکیان لە ناوچەی پیشەسازیی شەقڵاوەیە بۆ کارئاسانیی ئەو كەسانەی لە ناوچەی پیشەسازیی شەقڵاوە کار دەکەن، ئۆڤەرپاسی دووەم لە پێش تونێلی میراوە دەبێت بۆ ئەو گوندانەی لەسەر ڕێگەکەن."
گوتیشی: "پڕۆژەکە دوو ئۆڤەرپاس و هەردوو تونێلی ماوەران و میراوە لەخۆ دەگرێت، لە ماوەی دوو ساڵدا و بەدەستی کاری ناوخۆ دروست دەکرێت".
ڕێگاکە لەلایەک هەرێمی کوردستان و ئێران بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لە لایەکی تریش ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە تەواوبوونی ڕێگاکە جەنجاڵی لە شارۆچکەی شەقڵاوە کەم دەبێتەوە.
پڕۆژەکە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێكردن و بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری