كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە دەچێت
ئەمڕۆ شەممە، 11ی 1ی 2025، كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، و بە میوانداریی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت. كە تایبەتە بە مووچە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە بەغدا.
ئامانجی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی زانیاری لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ژمارە و داتا و بەڵگەنامەی پێویست بۆ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆكردن تاكوو بەپێی تایمەتمەندی بە ئەركی خۆیان هەستن بۆ پرسی نیشتمانیی و داكۆكیكردن لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچە و بودجەی هەرێم.
لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەكرێن كە بریتین لە: گوتەی وەزیری دارایی و ئابووری و ڕاپۆرتێك لە چوارچێوەی بەیانی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 و خشتەی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2024، هەروەها گوتەیەک لەلایەن وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و پرسی نەوت لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، گوتەی وەزیری پلاندانان و خستنەڕووی زانیاری سەبارەت بە تەرخانكراوەكانی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاكان لە خشتەكانی یاسای بودجەی فیدراڵ، گوتەی هەریەك لە وەزیرانی كاروباری پێشمەرگە، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، تەندروستی، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، سەبارەت بە خەرجنەكردنی شایستەی تەواوی ئەم وەزارەتە لەلایەن حكومەتی فیدراڵ، بەرەوپێشچوونەكانی جێبەجێكردنی تەواوی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر حكومەتی فیدراڵ بەتایبەت لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران. هەروەها كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و دانانی بەرنامەیەك بۆ چڕكرنەوەی هەوڵەكان و دانانی میكانیزمی هەماهەنگیی پێویست بۆ چارەسەری كێشەكان و بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەكانی هەرێم لە بەغدا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری