پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر خێراتر دەکرێت
نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە و لە ئێستاشدا نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکیی قەڵا و ژمارەیەك کۆڵان بە شێوەیەکی ستانداردی کەلەپووریی جیهانی، کە بۆ شوێنە مێژووییەکان دەکرێت، لە قۆناغی کۆتاییە و لە ئاییندەشدا چایخانەیەکی کولتووری، هۆتێل و چێشتخانەیەك لەسەر قەڵا دەکرێنەوە.
لەبارەی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵا، ئەندازیار فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بەوەکالەت ڕایگەیاند، تاکوو ئێستا 10 هەزار و 600 مەتر چوارگۆشە لە شەقامی سەرەکیی قەڵا و بەشێک لە کۆڵانەکان بەردڕێژ کراوە و پرۆسەکەش لە قۆناغی کۆتاییە، هەروەها گوتی؛ لە ئاییندەیەکی نزیکدا کۆتایی بە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی گەرماو (حەمام)ی قەڵا دێت، کە کۆنترین گەرماوی هەولێرە و نۆژەکردنەوەکەی لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە پشتیوانیی دارایی دەکرێت.
لە قۆناغی داهاتووی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی شەقام و بەشێک لە کۆڵانەکانی قەڵای هەولێر، کورسیی دانیشتن و ڕووناکی بۆ شەقامی قەڵا و کۆڵانەکان دابندرێن و ژمارەیەک دار بچێندرێن، هەروەها پلانیش هەیە لە کاتێکی نزیکدا گۆڕەپانی بەردەم دەرگەی سەرەکیی قەڵا نۆژەن بکرێتەوە و بەردڕێژ بکرێت. هەروەها پلانیش هەیە کە خانووەکانی قەڵا نۆژەن بکرێنەوە و چایخانەیەکی کولتووری، چێشتخانە و هۆتێلێكیش لە قەڵا دروست بکرێن، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە دەرگەی پێشوازی بە ڕووی گەشتیاراندا بکاتەوە و دوای تەواوبوونی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە، جگە لە کردنەوەی لە ڕۆژدا، بڕیار وایە شەوانیش دەرگەی قەڵا بە ڕووی گەشتیاران و سەردانیکەران بکرێتەوە.
قەڵای هەولێر لە 506 خانوو پێکهاتووە و لە حوزەیرانی ساڵی 2014، لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیستی کەلەپووری جیهانی داندراوە و وەك کۆنترین ناوچەی جیهان کە ژیانکردن تێیدا بەردەوامە ناسێندراوە.
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووەییەکان، ماوەی شەش هەزار ساڵە، ژیانکردن لە قەڵای هەولێر بەردەوامە، قەڵاکە دەکەوێتە ناوجەرگەی هەولێر و ڕووبەرەکەی 110 هەزار مەتردووجایە و کۆکەرەوەی شارستانیەتییە کۆنەکانی مێژووە و ناوەندێکی سەرەکیی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانە لە جیهاندا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری