Skip to the content

گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان: بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیە پێویستە مووچەی ساڵی 2025ی مووچەخۆران زامن بكرێت و هیچ بەربەست و دواكەوتنێكی بۆ دروست نەكرێ

دوای كۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆ شەممە، 11ی 1ی 2025ی ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، و بە میوانداریی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران، پیشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوەرۆك و ئەنجامی كۆبوونەوەكەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند.
گوتەبێژی حکوومەت ڕایگەیاند: "سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی، داوایان لە وەزیرەکان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کرد بە یەکەوە پەنجە بخەنە سەر وردەکارییەکان و كێشەكان، ئەگەر ڕەخنەیەک یان کەموکوڕییەک هەیە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە پرۆژە و پێشنیازیان لەمبارەوە بخەنە ڕوو".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا چەند وەزیرێكی نوێنەری خەڵكی كوردستان كە لە بەغدان، پەیامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بگەیەننە بەغدا، لەوانەش زامنی مووچەی ساڵی 2025، و هیچ گرفتێك دروست نەكرێت و دوا نەكەوێت، بەپێی ئەوەی لە خشتەی بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە و مافی خەڵكی كوردستانە".
هاوكات ئەوەشی ڕاگەیاند: "لەو هەموارەی لە بودجەی گشتی دەکرێت، لەو ماددانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێت هەرێمی کوردستان قسەی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".
لەبارەی پێشێلكارییە فراوانەكانی حكومەتی فیدراڵییش گوتی: پێشێلکاریی مافەکان زۆرن، هەر لە کەرتی تەندروستی، هاوکاریی پێشمەرگە، بودجەی وەربەرهێنان. تەنانەت حکوومەتی فیدراڵ لە بانکە نێودەوڵەتییەکان قەرز دەکات، لە قەرزەکە بەشی هەرێمی کوردستان نادات، کەچی بۆ دانەوەی قەرزەکان بەشێک لە بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕێت بە پاساوی ئەوەی بودجەی سیادییە، هەربۆیە هیچ مافێکی دانپێدانراوی دەستووریی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، ئەوەشی تاکوو ئیستا نێردراوە، کەمترە لە 7%، هەربۆیە دەبێت لە ساڵی 2026 بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت".
هەروەها گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم دەستپێکەی ئەمڕۆ، کار دەكات بۆ ئەوەی لەم پرسەدا یەک دەنگ، یەکڕیز و یەکهەڵوێست بین، چونکە پرسەکە حزبی نییە و پەیوەندیی بە تەواوی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و هەموولایەک لەم بابەتەدا زیانمەند بوون، ئەوەی بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان گرنگ بووبێت بەرانبەر بە عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی، بەڵام لە بەرانبەردا هیچمان لە حکومەتی عێراقی بەدی نەکردووە."
لە درێژەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا گوتەبێژی حكومەت وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی زیاتر ڕوون كردەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری