Skip to the content

سازدانەوەی بەرچاو لە تۆڕی کارەبای هەولێر ئەنجامدرا بۆ کەمکردنەوەی کێشەی پچڕانی کارەبای زیاتر لە 45 هەزار هاووڵاتیی

رۆژی پێنجشەممە، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە لایەن وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی پرۆژەی ڕووناکی، پرۆسەی سازدانەوە و چاککردنەوەی کێبڵەکانی کارەبا لە وێستگەی دابەشکردنی کارەبای سەربەستی، بەکۆتا هات.

ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوی پچڕانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچەکانی (سەربەستی، منارە، نیشتمان، سێبیران، کانی قڕژاڵە، سمایلاوە، پرۆژەی ئیمپایەر، گوندی ڤیتاڵ، گوندی ئیتاڵی 1، لالاڤ وەیڤی ئاڤینو و MRF).

مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 ، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا دا.

تا ئێستا نزیکەی 4 ملیۆن هاووڵاتیی، کە زیاتر لە ٪50ی دانیشتوانی کوردستان پێکدێنێت، لە ڕێگای پرۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە، سەنتەری هەموو پارێزگاکان کارەبای بەردەوامییان بۆ دابینکراوە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری