Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد

رۆژی شەممە 13/7/2019 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی کرد لە شاندێکی باڵای باڵیۆزخانەی تورکیا لە عێراق بە سەرۆکایەتی باڵیۆز فاتیح یڵدز.

لە دیدارەکەدا کە هاکان کەرەجای کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێریش ئامادەبوو . باڵیۆزی تورکیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردو ئومێدی سەرکەوتنی بۆ کابینەی نوێ خواست و گوتی هیواداراین دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ ببێتە دەستێکی قۆناخێکی پڕخۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان وعێراق زیاتر گەشە بسەنێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی شاندی میوانی کرد و گوتی هیوادارین پەیوەندی نێوان تورکیا وهەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا بەردەوام وبەهێزتر ببێت.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگی هەمەجۆرکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان دا بە شێوەیەک کە بایەخ بە کەرتەکانی کشتوکاڵ وپیشەسازی وگەشتوگوزاریش بدرێت و داهاتی کوردستان تەنیا یەک سەرچاوە نەبێت . گوتیشی زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەستەبەر دەکەین.

سەرۆک ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانی خۆشی دەربڕی کە لە ئەنجامی پێکدادانەکانی ناوچە سنوورییەکان خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی . داواشی کرد هەموو لایەک ڕێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان بگرن و نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها داواشیکرد ئاسانکاری زیاتر بۆ گەشتکردنی هاووڵاتیانی هەردوولا بکرێت و، لە فرۆکەخانەکانی تورکیاش هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تووشی کێشە وئاستەنگ نەبن .