Skip to the content

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی لە هەولێر دانا

مەسرور بارزانی:
• كار دەكەین بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری كوردستان
• كوردستان ئەوەندە دەوڵەمەندە، دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراك بۆ عێراق و ناوچەكە
• پڕۆژە ستراتیژییەكان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان جێبەجێ دەكەین.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/2، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی لە هەولێر دانا.
لە رێوڕەسمەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەیبوو، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند "یەكێك لە كارە هەرە سەرەكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان و گۆڕینی تاكی هەرێمی كوردستانە لە بەكارهێنەرەوە بۆ بەرهەمهێنەر".

سەرۆكی حكومەت گوتی: "كابینەی نۆیەم گرنگییەكی تایبەت بە كەرتی كشتوكاڵ دەدات، ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی جیاواز و بەرزكردنەوەی ئاست و رێژەی بەرهەمە خۆماڵییەكان و پشتیوانیكردن لە جوتیاران. راشیگەیاند لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو، لە ئەشكەوتی شانەدەر، لە ناوچەی بارزان، ئێسك و پرووسكی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزرایەوە، كە 50 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەژیان، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەگەڵ ئەو ئێسك و پرووسكانەدا، گەنم و گژوگیا دۆزراونەتەوە، كە نیشانەی پەیوەندی راستەوخۆی ئەو مرۆڤەیە لەگەڵ كشتوكاڵ لەو سەردەمەدا‌، هەروەها گوندی چەرموو لە كوردستان بە یەكێك لە كۆنترین گوندەكانی جیهان دەناسرێت، دانیشتووانەكەی كشتوكاڵیان كردووە، كەواتە پەیوەندیی خەڵكی كوردستان و ئەم دەڤەرە، لەگەڵ كشتوكاڵ پەیوەندییەكی مێژووییە، بەڵام بەداخەوە بە درێژایی مێژوو و، بەتایبەتی لە سەدەی رابردوودا تاوەكو ئێستا، وەكو پێویست نەتوانراوە سوود لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان وەربگیرێت".

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند: "لە ڕابردوو نەتواندراوە کار بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتی كوردستان بکرێت و وەکو پێویست سوود لە بەرهەم كشتوكاڵییەكان وەربگیرێت. ئەوەشی گوت لە‌ سەدەی رابردوودا تاوەكو ئەم دواییەش، بەداخەوە دوای ئەوەی كوردستان رووبەڕووی ئەنفال و كیمیاباران بووەوە، بەشێكی زۆری زەوی و زاری جووتیارانیش وێران كران و سووتێنران، گوندەكانیان خاپوور كران، خەڵكی گوند و دێهاتەكان ناچاركران شوێنەكانی خۆیان جێبهێڵن و لە كامپە زۆرەملێكاندا جێگیر كران، بەداخەوە ئەوەش وایكرد، بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە كوردستان، زەرەر و زیانێكی یەكجار زۆریان پێبكەوێت".

سەرۆكی حكومەت دووپاتی كردەوە "ئێمە دەمانەوێت ئەوە پێچەوانە بكەینەوە، خەڵكی كوردستان لەجیاتی ئەوەی چاوی لە مووچە بێت و چاوی لەوە بێت بەخێوبكرێت، خۆی ببێت بە بەرهەمهێنەر و تەنیا بەكارهێنەر نەبێت، ئەم جۆرە پڕۆژانە وا دەكەن، نەك تەنیا یارمەتی خۆیان بدەن، بەڵكو یارمەتی هەموو خەڵكی كوردستان بدەن".
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی "كوردستان ئەوەندە دەوڵەمەندە، نەك تەنیا دەتوانێت ئاسایشی خۆراكی خۆی دابین بكات، بەڵكو دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراك بۆ هەموو عێراق و ناوچەكەش".

لە كۆتایی گوتارەكەیدا، هۆشداری لە بەرزبوونەوەی تووشبووانی كۆرۆنا دا و داوای لە خەڵكی كوردستان كرد، ڕێكارەكان بە جددی وەربگرن و خۆیان و خۆشەویستانیان لەو پەتایە بپارێزن.

بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەیەكی ستراتیجی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە بواری كشتوكاڵ، بە ئاراستەی دابینكردنی ئاسایشی خۆراك. لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا، ساڵانە پێنجسەد هەزار تەن گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین سایلۆ و كارگەی تایبەت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە کوژمەی 250 ملیۆن دۆلار دروست دەكرێن، بەم هۆیەوە، هەزاران هەلی كار بۆ دەرچووانی كۆلێژی كشتوكاڵ دەرەخسێت.