Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، لە گەڵ سەرۆکی فەڕەنسا تاووتوێ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢١مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشدا لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ ئیمانوێل ماکڕۆن سەرۆکی فەڕەنسا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسایان تاووتوێ کرد.
سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕابەرایەتى سەرۆک مەسعود بارزانی کرد لە تێکشکاندنی داعش، بەردەوامبوونی پشتگیریی و هاوکاریی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە. گوتیشی هاتنمان بۆ کوردستان، پەیامێکە کە فەڕەنسا دەستبەرداری دۆستەکانی نابێت.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی هەڵوێستی دۆستانەی فەڕەنسای کرد لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا. ئاماژەشی بە گرنگیی كاركردن و هەماهەنگیکردن له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى کرد له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق بەگشتی و کێشە هەڵپەسێردارەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەتایبەتی، هەروەها ڕۆڵی ئەرێنی فەرەنساشی لە پێناو ئاسایش و سه‌قامگيرى ناوچه‌كه‌دا بەرز نرخاند.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان کرا.