Skip to the content

سەرۆکی حکومەت لە گەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/1/20 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش، هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کارنامەی حکومەتی هەرێمدا بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی. گوتیشی هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.