Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانیەکان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی یەکێک لە دڕندانەترین و گەورەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە 38 ساڵ پێش ئێستا، لە كردەوەیەكی نەژادپەرستانەدا ، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بوون، ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و كۆمەڵكوژی کردن. جینۆسایدکردنی بارزانیەکان، بووە دەستپێكی چەند تاوانێکی دیکەی لەنێوبردن و وێرانكردنی كوردستان، كە لە ساڵانی دواتردا، ڕژێمی بەعس لە چەند قۆناغێكدا، دەستی بە شاڵاوەکانی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان کرد، بەمەش پڕۆسەی کۆمەڵکوژکردنی خەڵكی كوردستان و وێرانکردن و سووتماککردنی کوردستان، گەیشتە ئەوپەڕی ستەمکاریی و دڕندەیی.
ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە دەکەینەوە ، لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیش، ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، كەچی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە. کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایی حكومەتی عێراقە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی هەمووی ئەو تاوانانە بکاتەوە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون .
لەم یادەدا ، پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون، دووپات دەكەینەوە و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناكەین.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانیانی شاڵاوی جینۆسایدی بارزانیەکان و سەرجەم شەهیدانی گەلی کوردستان دادەنوێنین.
یاد و یادەوەرییان هەمیشە زیندوو بێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
31ی تەمموزی 2021