Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی نێردەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 30 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستۆف بویک سەرۆکی نێردەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرد.

سەرۆکی نێردەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق ، تیشکی خستە سەر ئەرکەکانی نێردەکەی کە لە ساڵی 2017 ەوە لە عێراقن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی ڕاوێژکاری لە بواری ئەمنی و ئەنجامدانی چاکسازی لە هێزەکانی ناوخۆدا.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی لە نێوان دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نێردەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرا ، بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنان و هاوکاریکردنی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و تیرۆر . هەروەها ئاماژە بە گرنگیی پێشخستنی ستراتیجیی ئەمنی کرا لە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و ڕێگریکردن لە تووندڕەوی.

سەرۆکی حکومەت ئامادەیی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هەماهەنگیەکی پێویست لە گەڵ نێردەی ڕاوێژکاریی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکەکانیاندا.