Skip to the content

سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچی و کەمدەرامەتان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 31 ی ئایار ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و ڕێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی ئەو بیست هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە کرد کە بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت بڕیارە بۆ کرێنیشینان و کەمدەرامەتان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت دروست بکرێن.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون ، سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، دەست بە ڕێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت کە بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالیتیەکی باش دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی تەواوکردنی ئەو 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەش کرا کە چەند ساڵێکە دەست بە دروستکردنیان کراوە و تا ئێستا تەواو نەکراون. سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، لە ماوەیەکی نزیکدا، ڕێکارەکانی تەواوکردنی ئەو یەکانە تاووتوێ بکەن.