Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکات و سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی وەزارەت دەکات

  سەرۆکی حکومەت: دەبێ بەرپرسانی حکومەت، وەک یەک تیم کار بکەن لە پێناو جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت کە ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی شایستە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 29 ی ئایار، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد و لە لایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکومەت بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی وەزارەت وسەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرۆکەکانی شارەوانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کاروباری شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، کورتەیەکی دەربارەی کار و پڕۆژەکانی وەزارەت و پلانەکانیان بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و باشتر جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

پاشان سەرۆکی حکومەت، لە وتەیەکدا ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەی کرد کە بەشێکە لە بەرنامەی سەردانەکانی بۆ گشت وەزارەتەکان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە کار و پڕۆژە و پلانەکانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بکەن. سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە دەبێ بەرپرسانی حکومەت، وەک یەک تیم کار بکەن لە پێناو جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت کە ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی شایستە و ڕاییکردنی کارەکانیانە بە خێرایی و دوور لە هەموو ڕووتینێک.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی وەزارەتی شارەوانیی و گەشت و گوزار دا کە یەکێکە لەو وەزارەتانەی پەیوەندییەکی زۆری بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەیە، بۆیە بەرپرسانی وەزارەتی ڕاسپارد کە هەموو هەوڵ و کۆششی خۆیان بخەنەگەڕ لە پێناو باشتر جێبەجێکردنی کار و ئەرکەکانیان .

سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەگرنگیی کارکردن لە سەر بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار و بایەخدان بە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەکرێ ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی هەرێمی کوردستان . هەروەها باسی لە گرنگی پاراستنی ژینگە و پاک و خاوێنی شار و ناوچەکانی کوردستان کرد کە ئەرکی هەموو هاووڵاتییانی کوردستانە بەرپرسیارانە مامەڵە لە گەڵ ژینگەی کوردستان بکەن، چونکە پاراستنی پاک و خاوێنی ژینگە، پاراستنی ژیانە.

سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لە پێویستی و گرنگی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لە پێناو دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە داڕشتنەوەی ماستەرپلانی شارەکان و شێواز و پێکهاتەی فراوانکردنیان، مەرج و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ژینگە و تەندروستی و سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە بەرچاو بگیرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیار لە لایەن ئامادەبووانەوە بە مەبەستی پێشخستنی زیاتری دامەزراوەکانی حکومەت و خزمەتکردنی هاووڵاتییان خرانەڕوو.