Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 30 ی ئایار ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی ( جایکا) کرد بە سەرۆکایەتی جین یۆنیدا بەڕێوەبەری سەرەکی ئاژانسەکە لە عێراق.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری جایکا لە عێراق، کورتەیەکی دەربارەی کارو پڕۆژەکانی ئاژانسەکە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە بەهاوکاری و هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ ، کارەبا و کشتوکاڵ ئەنجام دەدەن ، گرنگترینیان هاوکاریکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە لە هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر کە دەکرێ ببێتە نموونەیەک بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ، هەروەها ھاوکاریکردن لە دروستکردنی وێستگەی کارۆئاوی لە دێرەلووک و پەرەپێدان و گەیاندنی ئاو لە هەڵەبجە و نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی سلێمانی و چەند پڕۆژەیەکی دیکە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی ئاژانسی جایکای کرد لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ستایشی کار و پڕۆژەکانی کردن کە بە شێوەیەکی پیشەییانە ئەنجامی دەدەن و خوازیاری پەرەپێدانی هەماهەنگیی و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی ژاپۆنی بوو بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان .