Skip to the content

لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا : سەرۆکی حکومەت دوو بڕیار لە بارەی گرنگیدان بە زمانی کوردی دەردەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 2/21 هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک دەرکرد.

لە فەرمانی یەکەمدا هاتووە:

لە پێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەک زمانی دایک، بڕیارماندا بە :
ڕاسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

فەرمانی دووەم:

بۆ گشت وەزارەتەکان
بابەت/ گرنگیدان بە زماني کوردی


پشت بەست بە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە ( ٦)ی ٢٠١٤ ، لە پێناو پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان ، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان و ڕێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت ، بە پێی حوکمەکانی یاسای ئاماژەپێدراوی سەرەوە.
هەروەها لە هوتيل و شوێنە گەشتیاری و ڕێستورانتەکان ، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەکان، بەزمانی کوردیش هەبێت.