Skip to the content

سەرۆکی حکومەت؛ بەرگریى لە ماف و دەستكەوت و قەوارەی كوردستان دەکەین و ڕووبەڕووی ستەم و بێدادی دەبینەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3/20 ، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆز و کونسولی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کەڕنەڤاڵی جەژنی نەورۆز لە قەزای ئاکرێ بەڕێوەچوو.

سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، ئاماژەی بەوە دا پێمان خۆش بوو كە ئەمساڵ بێینە ئێرە، تاوەكوو لە ساڵەكانی داهاتوو، ئاكرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزكردنی نەورۆز لەسەر ئاستی كوردستان و جیهان.

ئەمەش دەقی وتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستانە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی هێژا
میوانانی قەدر گران
ئێوە گەلێك بەخێر هاتن بۆ ئاكرێ، بۆ ناوەند و پایتەختی نەورۆز. نەورۆزی هەمووتان پیرۆز بێت.
ئەوە چەندین ساڵە گەنج و لاوانی ئاكرێ مەشخەڵ هەڵدەكەن و بەسەر چیا دەكەون و نەورۆز لێرە لە ئاكرێ پیرۆز دەكەن، كە لە هیچ جێیەكی دیكەی دونیادا ئەم بۆنەیە وەك ئاكرێ و بەم شێوەیە پیرۆز نەكراوە. بۆیە ئێمە پێمان خۆش بوو كە ئەمساڵ بێینە ئێرە، تاوەكوو لە ساڵەكانی داهاتوو، ئاكرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزكردنی نەورۆز لەسەر ئاستی كوردستان و جیهان.
پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەل و نەتەوانەش دەكەم كە نەورۆز پیرۆز دەكەن.
جێی خۆیەتی من لەم دەرفەتەدا سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو بنەماڵانە بكەم كە دوێنێ بەهۆی باران و لافاو لە دهۆك و زاخۆ گیانی خۆیان لەدەست دا، هیوادارم خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە كەسوكاریان ببەخشێت. گەلێك كەسیش ماڵ و موڵكیان زەرەر و زیانی پێكەت، من حەز دەكەم پێیان بڵێم كە ئیشەڵا خوا دەرفەت بدات، ئێمە قەرەبوویان دەكەینەوە و ئەوەی پێمان بكرێت بۆ ئەوەی ئەو زەحمەتی و ئازار و ناخۆشییەی كە پێیانگەیشتووە و باری سەرشانیان سووك بكەین.
جێی خۆیەتی سوپاسی خەڵكی كوردستان بكەم كە بەڕاستی لەم ماوەیەی ڕابردوودا، گەلێك خۆڕاگر بوون بەرانبەر بە ناخۆشیی ژیان، بە تایبەتیش نەبوونی مووچە و بودجە و گەلێك ناخۆشیی دیكە كە هاتوونەتە پێشەوە. هەرچەندە گرفتی ئێمە بەس مووچە نییە، ئێمە داخوازی و ڕێباز و خاك و ڤیانی ئێمە گەلێك لە مووچە زیاترە، بەڵام ئەوە ژیانی خەڵكی پێوە گرێدراوە، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت. هەرچەندە دەستی زۆر خراپ هەبوون بۆ تێكدانی بابەتی نەناردنی مووچەی خەڵكی كوردستان. جێی خۆیەتی من سوپاسی ئەوانە بكەم و دڵنیایی بدەم كە لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵ لە گفتوگۆداین تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكەین، وەكوو پێی گوتووین، ئینشائەڵلا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، چارەسەر دەکرێت و هیوادارم ئەم بابەتە چیدی نەبێتە کێشە و گرفت بۆ خەڵكی كوردستان.
نەورۆز ڕۆژێكی نەتەوەییە، ئێمە لەم ڕۆژەدا جارێكی دیكە پەیمان بە خوای خۆمان و خوێنی شەهیدانی خۆمان و پێشمەرگەی خۆمان و خەڵكی كوردستان دەدەین، كە ئێمە بەرگری لە ماف و دەستكەوتەكانی خەڵكی خۆمان بكەین، لە قەوارەی كوردستان بكەین، ڕووبەڕووی ستەم و بێدادی و نادادپەروەری و گەندەڵی دەبینەوە و لەسەر ئەو پەیمانە بەردەوام دەبین.
نەورۆز ڕۆژێكی نوێیە، دەستپێكێكی نوێیە، ساڵێكی نوێیە، بەڵام بۆ ئێمە نەورۆز ژیانێكی نوێیە و هیوادارم ئەمڕۆ ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو ، خۆشی و دەستكەوتی زیاتری بۆ گەلی ئێمە تێدا بێتە دەست.
من جارێكی دیكە سوپاسی هەمووتان دەكەم و نەورۆزتان پیرۆز بێت.