Skip to the content

ئەكادیمیای كوردی یادی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكی كرده‌وه‌

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە 20/2/2022 ئەكادیمیای كوردی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی خانی لە پانێڵێكدا یادی ڕۆژی زمانی دایكی بەرز ڕاگرت و یادیكردەوە.
 پانێڵەكە بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك لە ئەكادیمی زمانزان و ئەدیبان و نووسەران بەڕێوە چوو كه‌ تیایدا پێنج بابەت لە لایەن كەسانی ئەكادیمی و شارەزای زمانی كوردی  پێشكەش كران.
 دكتۆر عوسمان دەشتی  ئەندامی كارای ئەكادیمیای كوردی وەكو نوێنەری ئەكادیمیای كوردی و بەشداربوویەكی ئەو پانێڵە باسێكی بە ناونیشانی ئاوڕدانەوەیەك لە زمانی ئەدەب پێشكەش كرد.
زمانی كوردی لە پەراوێزی سەدەی بیست و یەكەمدا، باسی دووەمی ئەو پانێڵەكە بوو" كە لەلایەن سەرۆكی ڕێكخراوی خانی و سەرنووسەری گۆڤاری زمان و زار فەره‌یدون سامان پێشكەش كرا.
دواتر مامۆستا ئازاد وەلەدبەگی،بە باسێك دەربارەی زمانی كوردی لە دادگاكانی هەرێمی كوردستاندا، بەشداریی لە پەنێڵەكەدا كرد ، زمانی دایك و بیركردنەوەی مرۆڤ، ئەو ناونیشانە  باسی چوارەمی ئەو پانێڵە بوو كە لەلایەن دكتۆر مزگین چالی پێشكەش كرا.
هه‌روه‌ها دكتۆر سیروان ئەمینزادە  دەربارەی وەرگێڕان و زمانی كوردی لە سەردەمی هاوچەرخدا بابه‌تێكی پێشكه‌ش ئاماده‌بووان كرد  و لە كۆتاییشدا ئامادەبووان بە ڕەخنە و پێشنیاره‌كانیان پانێڵەكەیان دەوڵەمەندتر كرد.
 ساڵانە ئەكادیمیای كوردی چ بە تەنیا، چ بە هاوبەشی، ڕۆژی زمانی دایكی بەرز ڕاگرتووە و یادی كردۆتەوە.