Skip to the content

لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك چەند ناوچەیەكی بە مین چێنراو پاككرانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە شاری قەڵادزێ تیمی تەقاندنەوە (EOD)ی سەر بە بەشی تیمەکانی مینلابەری دەستی و تەقاندنەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین، لە تەقەناندنەوەیەكدا ١١١مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی تەقاندەوە کە لە ٥٠ کگم حەشوەی گولەتۆپ و ٩٢ پارچە تەقەمەنی و مین پێكهاتبوون.

هەروەها لە کێڵگەیەکی کشتوکاڵیی قەزای چوارتا، دەزگای مین هەستان بە ھەڵگرتنەوەی سێ مینی دژە کەسی کە پاش کێڵانی زەوییەکەی لەلایەن جوتیارێکەوە بەدەرکەوتبوون. تیمەکە مینەکانیان بۆ شوێنی تایبەت گواستەوە تا لە دەرفەتێکدا لەناوببرێن.

لە پارێزگای هەولێریش، لە گوندی ئاشی بڕە گوێز لە قەزای چۆمان، ژمارەیەک پاشماوەی جەنگی گواسترانەوە و لە نزیک ڕێگای سەرەکی لە چیای زۆزک چەند مینێکی دژ کەسی لە جۆری V69 لەناوبران.

لە پارێزگای دهۆکیش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک ژمارەیەک مین و تەقەمەنی کە ٧٨ مین و تەقەمەنی بوون، بۆ شوێنی تایبەت گواستەوە كە لە ئەنجامی کاری تیمەکانەوە هەڵگیرابوونەوە؛ بڕیار وایە سەرجەمیان لەناوببرێن.

لە درێژەی هەڵمەتەکانی لەناوبردن و پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیوەکان، دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ڕێگەی تیمەکانییەوە، ڕۆژانە بە دەیان مین و تەقەمەنی لەناودەبات و بەردەوام دەبێت.