Skip to the content

چەند راستییەک لە بارەی گرفتی بەنزین لە هەرێمی کوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ئێستادا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانییەک لای هاووڵاتیانی خۆشەویست دروست بووە و بە پێویستی دەزانین چەند راستییەکیان بۆ بخەینەڕوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی داوە لە پێناو دابینکردنی بەنزین بە کوالتییەکی باش و نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتیان، ئەوەش بە رێگری کردن لە قۆرخکاری هاوردەکردنی بەنزین و رێگە نەدان بە هێنانی بەنزینی بێ کوالیتی. بۆ ئەو مەبەستەش کارئاسانی تەواوی کردووە بۆ بازرگانان وەک لابردنی باج و گومرک لەسەر هاوردەکردنی بەنزین، بەڵام پێویستە ئەو بەنزینە کولیتییەکی باشی هەبێت و لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بێت.

لە هەمان کاتدا و بە مەبەستی دابینکردنی بەشێکی پێداویستی ناوخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بە نرخی ٦٩٠ دینار و لە ڕێگەی چەند بەنزینخایەکەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی دەکات و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتییەوە چاودێری بەردەوامی بەنزینخانەکان دەکات و هەر بەنزینخانەیەک سەرپێچی بکات یان کوالیتی بەنزینەکەی خراپ بێت ئەوە سزا دەدرێت.

پێویستە ئەو راستییەش بوترێت کە بە پێی رێکەوتنێک لە نێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ، بڕیار وابوو کە حکومەتی فیدراڵی رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام لە ٩ مانگی رابردوودا بە نزیکەیی نیوەی ئەو بڕەی کە بریار بوو بنێردرێت ناردووە و لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵیشەوە هیچ بڕە بەنزینێک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو هێرشە تیرۆرستییەی کە کرایە سەر بەشێکی پاڵاوگەی کار کە ئەو بەنزینەی تێدا دەپاڵێورا کە حکومەتی فیدراڵ دەینارد.

سەرەڕای ئەو گرفتانەی باس کران بەشێوەیەکی گشتی نرخی بەنزین لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی دۆخی جەنگەوە بەرزبۆتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان هەبووە.

بۆیە خەلکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە هەوڵەکانی حکومەت بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢