Skip to the content

36 هەمین کۆڕبەندی لوتکەی ڕێکخراوی فاو لە بەغدا بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ، 2022/2/7 شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی بریکاری وەزارەت کەریم سلێمان و ڕاوێژکار شەیما جەمال و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان، بەشداریان کرد لە گەورەترین کۆڕبەندی ڕێکخراوی فاو لە بەغدا ، دەربارەی سیستمی خۆراک و کشتوکاڵ و بەرەنگاربوونەوە و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام.
لەم کۆڕبەندە  سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و ژمارەیەک وەزیر و کەسایەتی عێراقی بەشدارییان کردووە،
هەروەها وەزیران و نوێنەرایەتی زیاتر لە 30 وڵات بە شێوەی ئامادەیی و ئۆنڵاین بەشدارییان کردووە کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
جێگەی ئاماژەیە  دوێنێ ئێوارە شاندەکەی وەزارەت لە لایەن محمد کریم الخفاجی وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە بەغدا پێشوازییان لێ کرا و لە نزیکەوە گفتوگۆ کراوە دەربارەی هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بابەتە گرنگ و  هاوبەشەکانی سێکتەری کشتوکاڵی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
 ئامادەبوون و بەشداری شاندەکەی وەزارەت لەو کۆڕبەندە گرنگيیەكى تايبەتى هەيە ، وەکو ئاماژە و پێگەى هەرێمى كوردستان لە ئاستى وڵاتانى جيهان و ناوچەکە ،بۆ ئەوەی لە قۆناغى داهاتوو ئامادەكاريیەكان دەست پێبكەين بۆ جێبەجێكردنى كۆنگرە و كۆنفرانسى هاوشێوە لە هەرێمى كوردستان وەک هەنگاوێکی نوێی جوڵه‌ی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی کشتوکاڵی و دەرفەتی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان، لەئاستى ناوچەكە بەتایبەتی دەربارەی هەماهەنگی و بەرەو پێشبردنی سیستەمی خۆراک و کشتوکاڵی و بەرەنگاربوونەوە و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام.