Skip to the content

پڕۆژەی سیستەمی چاودێری تەندروستی کارا دەکرێت

بەمەبەستی بەرەو پێشبردن و چاکسازیی کەرتی تەندروستی لە ڕێگەی دابینکردنی ئامار و زانیاری دروست، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە چاودێری د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و تیمی پڕۆژەی سیستەمی چاودێری تەندروستی KRG-HIS و تیمی وەزارەتی تەندروستی و زانکۆی ڕۆما ـ تۆر ڤێرگاتا بەڕێوە چوو.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشبردن و چاکسازی نێو کەرتی تەندروستی لە ڕێگەی دابینکردنی ئامار و زانیاری دروست بە لایەنی پەیوەندیدار کرا كە ئەمەش كاراكردنی پڕۆژەكەیە مەیسەر دەبێت، پڕۆژەیەک بە هەماهەنگی و هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا بەڕێوە دەچێت.

هەر لە کۆبوونەکە بڕیار لەسەر سێ بابەتى سەرەکى درا کە بریتی بوون لە:

یەکەم: کاراکردنی پڕۆژەکە لەو سەنتەر و نەخۆشخانە و بنکانەی سیستەمەکەیان تێدایە.

دووەم: فراوانکردن و کردنەوەی سەنتەر و بنکەی زیاتر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان

سێیەم: دابینکردنی تیمی تایبەت و پێداویستییەکانیان بە مەبەستی تۆمارکردن و زانیاری وردی چاودێری نەخۆشان و هاووڵاتیان.

 

تیمی زانکۆی ڕۆما و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا پێداگرییان لە پاڵپشتی تەواوی پڕۆژەکە و ئامادەییان لە بابەتی ڤاکسین و ڤاکسین فیزا دەربڕی.

جێگەی وەبیر هێنانەوەیە لە ساڵی ٢٠١٥ى زایینى، وڵاتى ئیتالیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگیان كرد بۆ دروستكردن و دەستپێكی سیستمەێكی تەندروستی کە لە ساڵی ٢٠١٨ى زایینى خرایە بواری جێبەجێكردنەوە. پڕۆژەکە بنەمایەکى گرنگە بۆ سیستەمی تەندروستی، چونكە دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتیان كە بارودۆخی تەندروستی بە شێوەی ستانداردی پزیشكی لە سەرەوە بۆ خوارەوە چاودێری بكرێت. هەر سیستەمەکە، دۆزینەوەی ئامار و داتا پزیشكییەكان زۆر ئاسان و دەخاتە بەردەست.

حکومەتى هەرێمى کوردستان لەم کابینەیەدا خوازیارى و چاکسازى و پێشخستنى سیستەمی تەندروستی و لە هەمانکاتیشدا پێدان و بەدەستگەیشتنی زانیاری دروستە لەسەر ئاستی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی و سەنتەر و بنكە تەندوستییەكان دەربارەی دەستنیشانكردنی نەخۆشی و وردەكاری نەخۆشییەکان و بارودۆخی دایك و منداڵ و لەدایكبوون و مردن.

شایەنى باسە پێشتر ئەم سیستەمە لە ٦٠ نەخۆشخانە و بنكە و سەنتەر كاری پێ كراوە و لە هەر سەنتەرێكیش دوو كەس ڕاهێنراون بۆ كارپێكردنی سیستەمەكە.