Skip to the content

ئاسانکارى بۆ خوێندکارانى کورد لە ئۆکرانیا دەکرێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند، لە چوارچێوەى یاساو ڕێنماییەکاندا ئەو خوێندکارو قوتابیانەى لە ڕێگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕوویان لە زانکۆکانى وڵاتى ئۆکرانیا کردووە، ئاسانکارییان بۆ دەکرێت بە مەبەستى گەڕانەوەیان بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
 
ئەو لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (٧/٣/٢٠٢٢) لە میانى سەرپەرشتیکردنى کۆبوونەوەیەک هات لەگەڵ بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت.
 
لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا، ستافى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاسپارد بەو پەڕى دڵسۆزى و خەمخۆرییەوە کاروبارەکانى خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان و هاووڵاتیان لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا ڕایی بکەن و لە خەمى کێشە و گرفتەکانى نێو دامەزراوەکان دابن و وەک یەک تیم درێژە بە خزمەتکردنى کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان بدەن.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، ژمارەى خوێندکارانى کورد لە زانکۆکانى وڵاتى ئۆکرانیا و ئەو قوتابیانەى لە ڕێگەى وەزارەتەوە مامەڵەى خوێندنیان لەم وڵاتە ئەنجامداوە خرایەڕوو، بۆ ئەمەش د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: لە چوارچێوەى یاساو ڕێنماییەکاندا ئەو خوێندکارو قوتابیانەى لە ڕێگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ درێژەدان بە خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا ڕوویان لە زانکۆکانى وڵاتى ئۆکرانیا کردووە، ئاسانکارییان بۆ دەکرێت بە مەبەستى گەڕانەوەیان بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەربارى جەختکردنەوە لەسەر وتەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەڵێنیاندا درێژە بە کاروانى خەباتى زانستى پێکەوەیى بدەن.