چوارەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتى زانستی كۆلیجی پزیشكی گشتى بەڕێوەچوو
د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند:''توێژینەوەكان نابێت تەنیا لە پێناوی بڵاوكردنەوە و بە دەستهێنانی (ئیمپاكت فاكتەر و سایتەیشن) بێت، بەڵكو دەبێت ئاكامەكانی توێژینەوە زانستییەكان گرفتی كۆمەڵگەكەمان چارەسەر بكەن.
ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى وتارێکیدا هات، کە لە ڕێوڕەسمی دەستپێكردنی چوارەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتى زانستی كۆلیجی پزیشكی گشتى زانكۆی هەولێری پزیشكی پێشکەشیکرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە بە ئامادەبوونى د.دارا ڕەشید، وەزیرى پلاندانان و د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و ژمارەیەکى بەرچاو لە سەرۆکى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و پزیشکان و مامۆستایانى زانکۆ و توێژەرانى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى بەڕێوەچوو.
د.ئارام محەمەد قادر، لە وتارەکەیدا دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی زانكۆى هەولێرى پزیشکى و راگر و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆلیجی پزیشكی و لیژنەكانی زانستی و ئامادەكاری كۆنفرانسەکە کرد، هەروەها سوپاسی هاوبەشەكانی كۆنفرانسەکەى کرد، بە تایبەت كۆلیجی شاهانەی پزیشكی ئەدنبرە و، تۆڕی هاوەڵانی عێراقی كۆلیجی شاهانەی پزیشكی لەندەن.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە گرنگیەوە باسى لە پرۆگرام و کارە زانستییەکانى کۆنفرانسەکە کرد و، بەکارێکى ناوازەى لەقەڵەمدا بەتایبەت لە ڕووی زانستی و كارگێرییەوە. راشیگەیاند: ''جێگەی دەستخۆشییە لەو كۆنفرانسەدا شوێنى دایەلۆگی (دارێژەرانی سیاسەتی خوێندنی باڵا و كەرتی تەندروستی) كراوەتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی زانستی و كراوە لە بارەی ئایندەی خوێندنی پزیشكی و كەرتی تەندروستی و دەرفەت و ئاڵنگارییەكان بكەن.''
د.ئارام محەمەد قادر، لایەنێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ باسکردن لە گرنگى توێژینەوەی زانستی لە سەدەی بیست و یەك ، بەتایبەت لە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی (توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی) ڕونیشیکردەوە هەماهەنگی نێوان پسپۆڕی و دیسپلینە جیاوازەكانیش كارایی و كاریگەری توێژینەوەكان زیاتر دەكات.
سەبارەت بەکارنامەى وەزارەت بۆ بایەخدان بەتوێژینەوەى زانستى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: ''وەزارەتەکەمان پشتیوانی توێژەرانی زانكۆكەكان دەكات بە تایبەت توێژەرانی بواری پزیشكی، بەڵام گرنگە ئەو راستییەمان لەیاد بێت كە توێژەرانمان دەبێت بە وردی رەچاوی پرس و گرفتەكانی كۆمەڵگە بكەن، توێژینەوەكان نابێت تەنیا لە پێناوی بڵاوكردنەوە و بە دەستهێنانی (ئیمپاكت فاكتەر و سایتەیشن) بێت، بەڵكو دەبێت ئاكامەكانی توێژینەوە زانستییەكان گرفتی كۆمەڵگەكەمان چارەسەر بكات.''
ئاشکراشیکرد:'' لەمەودوا فاكتەری كاریگەری توێژینەوە لای ئێمە بریتی دەبێت لەوەی تاچەند توێژەران دەتوانن ئاوڕ لە گرفتەكانی كۆمەڵگە بدەنەوە و، توێژینەوەكان و رێچكەی زانستی و ئەكادیمی بخەنە خزمەتی چارەسەر كردنیان.''
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند:'' وەزارەتەکەمان بە وردی كار لەسەر پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی خوێندن دەكات، بە تایبەت پرۆگرامەكانی خوێندن لە كۆلیجەكانی كۆمەڵەی پزیشكی، ئەوەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆڕان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان.''