Skip to the content

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی قەزای ئاکرێی بەسەر کردەوە

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٤، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە یاوەری زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەت و ئیبراهیم ڕۆستەم، بەڕێوەبەری گشتیی پشکنین و چاودێری و د. شێرزاد حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە دهۆک و ستافێکی وەزارەت، سەردانی قەزای ئاکرێی کرد.
لە سەرەتای سەردانەکەیدا، قائیمقامییەتی قەزای ئاکرێی بەسەر کردەوە و لەلایەن د. دلاوەر بوزو میکائیل، قائیمقامی قەزا، پێشوازی کران.
لە دیدارێکدا باسیان لە هەماهەنگیی هەردوولا کرد و سوپاسی قائیمقامی کرد بۆ ئەو پشتگیری و بەدەمەوەهاتنی بۆ داخوازی بەرێوەبەرایەتییەکانمان لە پێناو باشتر خزمەتکردن بە هاووڵاتییان.

پاشان وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و شاندی یاوەری لەپێناو خزمەت بە فەرمانبەرانی قەزاکە، دایەنگەی ئاکرێی کردەوە و ئەو  مناڵانەی دایبابیان فەرمانبەرە، سوودی تەواوی لێ دەبینن، دواتر بەشەکانی دایەنگەکەی بەسەر کردەوە و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و ستافی دایەنگەکە کرد.   
هەر لە درێژەی سەردانکەیدا، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئاکرێی بەسەر کردەوە و سیستەمی تاکپەنجەرەی لە تۆڕی پاراستن کردەوە، ئەویش خزمەتێکی ترە بە کەمئەندامان و خاوەنپێداویستی، کاراسانی تەواو بۆ بەڕێکردنی مامەڵەکانیان دەکات.
لە کۆتا وێستگەی سەردانەکەیدا، سەنتەری ئۆتیزمی ئاکرێی کردەوەو سەرجەم بەشەکانی بەسەر کردەوە و هیوای خواست زۆرترین منداڵی سنورەکە سوودی لێ وەربگرن و کەمێک بارگرانی لەسەر دایکان و باوکان کەم بکەینەوە.
دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، تیشکی خستە سەر سەردانەکەی بۆ ئاکرێ، هیوای خواست هەنگاو بە هەنگاو داواکاری و داخوازییەکانی خەڵکی سنورەکە جێبەجێ بکەین.