Skip to the content

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێشوازی له‌ كۆمه‌ڵێك قوتابيى نابيست كرد

ڕۆژى یەکشەممە ٥ــى ئايارى ۲۰۲٤، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ئامادەبوونی یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتيی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتيی هەولێر، پێشوازی لەو نۆ قوتابييه‌ نابیسته‌ كرد، کە بڕوانامەی دبلۆمیان بەدەست هێنا.

کوێستان محەمەد وێڕای پیرۆزبایی و پێشکەشکردنی شیرینی بە قوتابیيان، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتيی هەولێر کرد، کە توانیویانە لە پەیمانگەی هیوای نابیستان خزمەتێکی باش پێشکەش بەم قوتابييانه‌ بکەن و بە هەوڵ و ماندووبوونیان، قوتابیيانی نابیست لە قوتابخانەی ئامادەیيی پیشەسازيی هەولێر و دواتر لە پەیمانگەی تەکنیکيی کارگێڕيی هەولێر بەشی سیستەمی زانیاری وەرگیران.

لە بەرانبەردا یوسف چاوشین سوپاسی وەزیری کرد بۆ پێشوازی و پشتگیريی بەڕێزیان لە قوتابیيان و خوشحاڵیى خۆی دەربڕی کە توانیویانە مافی درێژەدان بە خوێندن بۆ قوتابیيانی نابیست دەستەبەر بکەن و داوای لە وەزیر کرد، ئەم دەرچووانە لە قوناغی یەکەم بە خۆبەخش و دواتر بە گرێبەست لە پەیمانگەی هیوای نابیستان دابمەزرێن.