Skip to the content

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌دواداچوون بۆ دۆخی خزمه‌تگوزاری و په‌ره‌پێدانی پرۆژه‌كانی گه‌رمیان ده‌كات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە 8ی شوباتی 2022، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە جەلال نووری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و دامودەزگاکانی شارەوانی كرد. لە دیدارەكەدا كە  ڕاوێژكار و ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری دیكەی وەزارەت له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی گه‌رمیان  و سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌كانی كه‌لار و كفری و خانه‌قین و ڕزگاری ئامادەی بوون، گەنگەشەی دۆخی خزمەتگوزاری و چۆنیەتی چارەسەركردنی گرفتەكانی سنووری گەرمیان كرا، داموده‌زگاكانی گه‌رمیان چه‌ند داواكارییه‌كیان له‌باره‌ی خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی سنووره‌كه‌ ئاراسته‌ی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار كرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی گەرمیان و خەڵكە تێكۆشەر و قوربانیدەرەكەی سنوورەكە كرد و جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پەرەپێدانی دەڤەری گەرمیان و گوتی درێغی ناكەین و هەوڵی جددی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ده‌ده‌ین. 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گرفتی ئاوەڕۆی كفری، ڕایگەیاند لیژنەیەكی تایبه‌تمه‌ند ده‌نێرینه‌ كفری به‌ مه‌به‌ستی دیراسه‌كردن و چارەسەركردنی كێشەی ئاوەڕۆی شاره‌كه‌ و لەبارەی تەواوكردن و نۆژەنكردنەوەی پرۆژە كۆنەكانیش جەختی كردەوە بە گوێرەی یاسا بودجەیان بۆ دابین دەكەین. بابەتی ماستەرپلانیش یەكێك لە گرنگترین تەوەرەكانی دیداره‌كه‌ بوو، لەمبارەیەوە ساسان عەونی گوتی بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاژانسە بیانییەكان ئەو شوێنانه‌ی پێویستییان بە هەمواركردنەوە و دانانی ماستەرپلانی نوێیه‌ كاری لەسەر دەكەین و بۆ ئەو مەبەستەش داوای له‌ داموده‌زگاكانی شاره‌وانی كرد ڕێكاری پێویست بگرنەبەر، هه‌روه‌ها بابه‌تی خۆڵ و خاشاك و كێشه‌ی ناوچه‌ی پیشه‌سازیی كه‌لاریش تاوتوێ كرا.
له‌باره‌ی پرۆژە تەواونەكراوەكانیش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد كه‌ ئەوەی پەیوەندیی بە شارەوانییەوە هه‌یه‌ كاری لەسەر دەكەین. له‌باره‌ی كێشه‌ی موڵكایه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆر خانوو و پارچه‌ زه‌وی له‌ سنووره‌كه‌ش، جه‌ختی له‌ هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی گرفتی موڵكایەتی لە هەندێ شارۆچكەی سنووری گەرمیان بە هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار كرده‌وه‌، وه‌ك داموده‌زگاكانی ئیداره‌ی گه‌رمیان باسیان كرد ئه‌و كێشه‌یه‌ كێشەیەكی لەمێژینەیە و وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریش گوتی: دەبێت بە گوێرەی یاسا چارەسەر بكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیانی به‌هه‌ند وه‌رگرت و جەختیشی لەسەر جێبه‌جێكردن و  پەرەپێدانی سنووری گەرمیان كردەوە و گوتی لە ڕۆژانی داهاتووشدا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتری كێشه‌كان و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنیان،  كۆبوونەوەیه‌كی تر لەگەڵ دامودەزگاكانی شارەوانییه‌كانی گەرمیان بەڕێوە دەچێت.