Skip to the content

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی VNGى هۆڵەندی ماستەرپلانی دهۆك و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری تاوتوێ دەكەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە 6ی شوباتی 2022 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە جۆرج هارتمان ڕاوێژكار لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی شارەوانییەكانی هۆڵەندا (VNG) كرد و لە دیدارەكەدا چەندین بابەتی تایبەت بە بەهێزكردنی توانای شارەوانییەكان لە كاتی قەیرانەكان بە مەبەستی پەرەپێدانی ستراتیژیەتی گەشەپێدانی ناوخۆیی و ڕەخساندنی هەلیكار و بەڕێوەبردنی وۆرك شۆپ و پەیوەندیی نێوان حكومەت و هاووڵاتییان و لە تەوەرێكی تردا هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری دهۆك و شار و شارۆچكەكان و خۆڵ و خاشاك و پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری گفتوگۆیان لەبارەوە كران.
شایەنی باسە، ئاژانسی VNGی هۆڵەندی لە ڕابردوو و ئێستاشدا لە چەندین بواری خزمەتگوزاریدا هاوكاریی دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارن لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی لە كەورگۆسك و باسرمە و قوشتەپە لە سنووری پارێزگای هەولێر كە لە بواری ماستەرپلان و پەرەپێدانی پرۆژەدا كاریان لەگەڵ دامودەزگەكانی شارەوانی كردووە.
لە دیدارەكەشدا شاندی VNG داوای جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری دهۆك دەكەن  و هەردوولاش جەختیان جێبەجێكردنی پرۆژەی هەمەجۆرى خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای دهۆك كردەوە، بە تایبەتی لە بواری ماستەرپلان و خۆڵ و خاشاك و پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ كامپی ئاوارەكان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی وێڕای سوپاسكردنی ئاژانسەكه‌ بۆ ئه‌و كارانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیانداوه‌، سوپاسی حكومه‌تی هۆڵه‌نداشی كرد بۆ ته‌مویلكردنی پرۆژه‌كانی ئاژانسی VNG، هه‌روه‌ها كاركردن و فراوانكردنی پەیوەندییەكان و جێبەجێكردنی پرۆژەی لە دهۆك و هەرێمی كوردستان بە گرنگزانی و هاوكاری و كارئاسانی بۆ ئاژانسەكە دووپات كردەوە.