Skip to the content

هەولێر.. هاوبەشانی ئاو پێشوازی لە بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی ئاو دەكەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ئەوەی لەسەر پێشنیازی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاوی دا، ئێستا ئەو هاوبەشانەی كە قەرزاری كرێی ئاون، بە شێوەیەكی بەرچاو سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی و فەرمانگەكانی ئاو دەكەن، بۆ ئەوەی لە بڕیاری لێخۆشبوونی ئەو ڕێژەیە سوودمەند بن.
 بڕیاری لێخۆشبوونی كرێی ئاو، تا ماوەیەكی دیاریكراو بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان بەزوویی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن و لە بڕیارەكە سوودمەند بن.
ئەو هاوبەشانەی ئاو كە دەیانەوێت لە بڕیارەكە سوودمەندبن لە شاری هەولێر، ڕۆژانە سەردانی بەرێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەكەن و بە لێخۆشبوونەوە قەرزەكانیان دەدەنەوە، كارمەندان و فەرمانبەرانیش بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاریان بۆ دەكەن تاوەكو لە كاتی مامەڵەكانیان هیچ گرفتێك  دروست نەبێت و بەخێرایی كارەكانیان بۆ  ڕایی دەكەن.