Skip to the content

پرۆژەی دووسایدی بنەسڵاوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەكرێت

لە چوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پلانی شارەوانی، پرۆژەی دووسایدی بنەسڵاوە، گەیشتە قۆناغی قیرتاوكردن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەخرێتە خزمەت دانیشتووانی قەزای بنەسڵاوە. 
سەرۆكی شارەوانیی بنەسڵاوە سەبارەت بە گرنگیی ئەو پرۆژەیە گوتی: پرۆژەی دووسایدی بنەسڵاوە دوو قۆناغە، قۆناغی یەكەمی یەكسایدە، قیرتاوكردن و ئاوەڕۆی لوولەیی و چەند بڕگەیەكی دیكەی لەگەڵدایە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت و دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە. 
سەبارەت بە كاریگەرییەكانی پرۆژەكە بۆ كەمكردنەوەی جەنجاڵی، گوتیشی: بە تەواوبوونی پرۆژەكە جەنجاڵی لەناو قەزای بنەسڵاوە كەم دەبێتەوە، هاوكات گرنگیی ئەو پرۆژەیە لەوەدایە، قەزای بنەسڵاوە و دارەتوو و كەسنەزان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و ئاسانكاریی باش بۆ هاتوچۆی ئەو شوێنانە دەكات. 
شایەنی باسە، گوژمەی ئەو پرۆژەیە دوو ملیار و ٥٣٦ ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی پارێزگەی هەولێر و بە سەرپەرشتیی سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر جێبەجێ دەكرێت. وێڕای كەمكردنەوەی جەنجاڵی و ئاسانكاری بۆ دانیشتووانی قەزاكە، هاوكات سیمایەكی جوانتر بە بنەسڵاوە دەبەخشێت.