Skip to the content

وەزیری پلاندانان: سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و کارئاسانیە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەک شەممە ٦-٢-٢٠٢٢ د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان لەگەڵ بەڕێوەبەری گرێبەستە گشتییەکان و نوێنەری یاسایی و فەرمانبەرانی بەڕێوەبردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکانی ژمارەیەک وەزارەت کۆبۆوە و وەزیری پلاندانان ڕایگه‌یاند  سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و کارئاسانیە
لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەت و تیمی ڕاهێنانی ئاژانسی کۆیکا ئامادەبوون گفتوگۆ لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی کار پێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان کرا کە لەو ڕێگەیەوە ڕۆتین و ئەو کاتە زۆرەی پێشکەشکردنی پرۆسەی تەندەری ناهێڵێت لەلایەن بەڵێندەران و کۆمپانیاکان بۆ وەرگرتن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێم کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ڕایگەیاند سەرباری ئاستەنگەکانی کۆرۆنا بەڵام دەمانەوێت لە ماوەیەکی نزیک پەلە بکرێت لە دەستپێکردنی پڕۆژە کە وەک قۆناغی یەکەم ژمارەیەک وەزارەت و دواتر تەواوی وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەت لەڕێگەی ئەو سیستەمەوە گرێبەستە گشتییەکان ئەنجام دەدرێت.

دواتر وەزیری پلاندانان بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەرێوەچوونی کارەکان و گرفت و داخوازیەکانیان گوێی لە بەشداربووانی خولەکە و فەرمانبەرانی بەڕێوەبردنی سیستەمەکە گرت کە لەلایەن ئاژانسی کۆیکاوە بەڕێوە دەچێت.