Skip to the content

وەزیری پێشمەرگه: بوونی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێم پێویستە

وەزیری پێشمەرگه و فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێم و ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیی ئیتاڵیا، گفتوگۆی دۆخی هەنووکەییی عێراق و هەرێم و ناوچەکەیان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ۲٨ی نیسانی ۲۰۲٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگه، پێشوازی لە کۆلۆنێڵ سافەرانی، فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێم و ژمارەیەک لە دەزگای میدیایی و  ڕۆژنامەنووسانی ئیتاڵیا کرد. 
لە دیدار و گفتوگۆیەکی کراوەدا، وەزیری  پێشمەرگە، ڕاشکاوانە تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و مەترسی و ئاڵەنگارییەکانی ڕوون کردەوە.

وەزیری پێشمەرگە، لە ڕێگەی ڕاوێژکارانی سەربازی و رۆژنامەوانانی ئیتاڵیا، سوپاسی گەل و سوپای ئیتاڵیای  کرد لە هاوکاری و هەماهەنگییە بەردەوامەکانیان لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش و لە ئێستاشدا بەشداریکردنیان لە سەرخستن و گەشەسەندنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێیشمەرگەدا.

لە پرسیارێکی دیکەی ڕۆژنامەنووسانی ئیتاڵیا، سەبارەت بە گرنگی و بایەخی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری پێشمەرگە جەختی گوتی "بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی هاوپەیمانانە."

لە کۆتاییی دیدارەکەدا، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، وەزیری پێشمەرگە ڕوونی کردەوە: هەمیشە دەستپێشخەربوون لە وەلانانی ناکۆکی و کێشەکانی نێوان هەردوولا و هاوکات پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراقی بەگرنگ و پڕبایەخ وەسف کرد.