Skip to the content

وەزیری پێشمەرگە: پابەندین بە جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی ناو یادشتنامەی لێکتێگەیشتنی پێنتاگۆن ـ پێشمەرگه

ڕۆژی دووشەممە ۲۹ـی نیسـانی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و سەرۆکی ئەرکان و ئەمینداری گشتی و ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان وەزارەتی پێشـمەرگە و تیمی باڵای ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، بە گرنگییەوە باس لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی سەرجەم هێزی پێشمەرگە کرا. لە چوارچێوەی پێکهێنانی لیوای زیاتری هاوبەش و جێکردنەوەیان لە دروستکردنی فیرقەی نوێدا.

هاوکات پرسی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەو ڕەشنووسەی لە ماوەی ڕابردوو کاری لەسەر کراوە. 

وەزیری پێشمەرگە، ڕوونی کردەوە: هەنگاوەکان بە ئاراستەی یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکان دڵخۆشکەرن، و بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، پرۆسەی یەکخستنەوە و کۆکردنەوەی هێزەکانی ۷۰ و ٨۰ بۆ سەر وەزارەت بەردەوامی دەبێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، کۆڵونێڵ گاچێڕۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێم و ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی هاوپەیمانان، پوختەیەکی لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانی کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی یەکخستنەوە و هەیکەلی نوێی وەزارەت و پرۆسەی  چاکسازیی پێشمەرگە و دروستکردنی فیرقەکان خستە ڕوو.