Skip to the content

شاندێكی باڵای پەرلەمانی كوردستان سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیان كرد

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ سێشەممە 2/2/2021 شاندێكی باڵای پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار كاك هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیان كرد، لەدیدارێكدا هەریەكە لە هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و زۆربەی بەرێوەبەرانی گشتی وەزارەت كۆبوونەوە و جەخت لەسەر هەماهەنگی و كاركردنی بەردوام كرا لە نێوان هەردوولادا بەمەبەستی زیاتر برەودان بە كارەكان و بەدواداچوونی زیاتری پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی حكومەتی هەرێم لە سێكتەرەكانی گواستنەوە و گەیاندندا لە كابینەی نۆیەم دا

لە دەستپێكدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان مەبەستی سەردانەكەی روونكردەوە لە چوارچێوەی كارنامەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ دڵنیابوون لە پشتیوانی دەستەكە بۆ كاروباری لیژنەكان بریاری سەردانی گشت وەزارەتەكان دراوە لە كاتی پشووی تەشریعی، دواتر تیشكی خستە سەر ئەو هەنگاوانەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەماوەی رابردوودا ئەنجامی داوە بۆ چاودێری كردنی كۆمپانیاكانی گەیاندن و دانانی پلان و ستراتیژی پرۆژەكانی گواستنەوەی گشتی لە هەرێمی كودستاندا، ئەمەو داوای خستنەرووی قۆناغ و پلانەكانی وەزارەتی كرد بۆ رای گشتی بەمەبەستی بەردەوامی دان بە كارەكان و هەروەها پاڵپشتی خۆی و ئەندامانی پەرلەمانی دووپاتكردەوە.

لە لایەن خۆیەوە ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی شاندی باڵای پەرلەمان و سوپاسی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بە تایبەتی سەرۆك و ئەندامانی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندنی كرد بۆ پاڵپشتی و بەدواداچوونیان بۆ كاروباری حكومەت و هەروەها وەزیری گواستنەوە و گەیاندن تەواوی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی بە تایبەت دەربارەی جێ بە جێ كردنی یاسای چاكسازی و هەروەها ئەوەی خستەروو كە لە سێكتەری گواستنەوە و گەیاندندا كە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە رێكخستنەوەی كارەكانی هێلەكانی گواستنەوەی گشتی و بەدواداچوون لەسەر كێشەكانی خزمەتگوزاری كۆمپانیاكانی گەیاندن كەهەمووی بەیاسا رێكخراون و هەروەها دووبارە پێداچوونەوە بە گرێبەستی كۆمپانیاكان دەكرێت بۆ زیاتر دڵنیابوون بە پابەندبوونی كۆمپانیاكان بە پێدانی شایستەداراییەكان و گەراندنەوەی داهاتی زیاتر بۆ خەزێنەی حكومەت.

لە كۆتایی دیدارەكەدا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن سوپاسی پەرلەمانتارانی كرد كە هاوخەم و دڵسۆزانە بەدواداچوون بۆ كێشە و گرفتی هاوڵاتیان دەكەن لە سێكتەرە جیاوازەكاندا، پالپشتی خۆشی دەربڕی بە هەماهەنگی و خستنەرووی زانیاری پێویست بە لیژنەی پەرلەمان بۆ بەرچاورونی و رای گشتی.