Skip to the content

پڕۆژەی ڕەشنووسی ڕێنماییەکان لەسەر یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی ئامادە دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٦-١٢-٢٠٢١عەلی عوسمان بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵا و لیژنەی لاوەكی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی كرد.
كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی (ڕزگار حمد خضر) ڕاوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و  سەرچاوەكانی ئاو و (عبدالقادر عبداللە ڕەحمان) جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگ و نوێنەری لایەنی پەیوەندیدار بەڕێوەچوو. كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە ئامادەكردنی پڕۆژەی ڕەشنووسی ڕێنمایی لەسەر یاسای ژمارە(٢)ی ساڵی (٢٠٢١) پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی.
لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی گفتوگۆ لەسەر بڕگە و بابەتەكانی پڕۆژە یاساكە کرا، لە دەرئەنجامدا بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەی ڕەشنووسی ڕێنماییەكان لە سەر یاساكە ئامادە دەکرێت دواتریش جێبەجێ دەکرێت، شایانی باسە ئەو پڕۆژەیە خزمەت بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و خۆماڵی كارگەكان لە هەرێمی كورستاندا دەکات، هەروەها مافی خاوەندارێتی بەرهەم و کەرەستەی خۆماڵی دەپارێزێت.