Skip to the content

بە هۆی بارینی ڕێژەیەكی زۆری باران پێشبینی بەروبوومی دانەوێڵەی زیاتر لە ساڵی پار دەكرێت

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٤، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و ستافێكی شارەزا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی، پێشوازی لە بەڕێوەبەرانی سایلۆکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا گشت ئەو ڕێنماییانەیان بۆ باس كرا كە پێویستە سایلۆكان  ئامادەکاریی تەواو  بكەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2024.

لای خۆیانەوە بەڕێوەبەری سایلۆکان هەر یەكە و باسیان لە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی بەبازاڕكردنی دانەوێڵەی ئەمساڵ کرد، هەروەها ئاماژەیان بە دابینکردنی پێداویستی لە ڕووی لۆجستیی زیاتر کرد، بۆ ئەوەی لە کاتی وەرگرتنی گەنم ئاسانکاریی زیاتر لە بەرژەوەندیی جوتیاران بکرێت.

‏‎شایەنی باسە بە هۆی بارینی ڕێژەیەكی زۆر لە باران، پێشبینی بەروبوومی دانەوێڵەی زیاتر لە ساڵی پار دەكرێت، دەمێنێتەوە دانووستانەكان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ وەرگرتنی كۆی بەروبوومی ئەمساڵی جووتیاران، بە پێچەوانەی ساڵی 2023 كە تەنها 500 هەزار تۆن وەرگیرا.