Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش و دوو پەیڕەوی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانیکراو و گیراوی سیاسیی و میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان تاووتوێ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/10/28 بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بابەتی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەوڵەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD ) خستەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک پێشنیار و بڕیاری لەمبارەیەوە پەسەند کرد.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕەشنووسی پڕۆژەی تایبەت بە دوو پەیڕەوی خستەڕوو، کە بریتی بوون لە (پەیڕەوی ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان) و ( پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان). ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، لە کاتێکدا جەخت لە دابینکردنی ماف وئیمتیازاتی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و ستایشکردنی خەباتی شەھیدە سەربەرزەکان کە گیانی خۆیان لە پێناوی گەل و نیشتیماندا بەختکردووە و خەباتی زیندانی سیاسیەکان دەکاتەوە. وەزارەتی کاروباری شەھیدان وئەنفالکراوانی ڕاسپارد کە درێژە بە پرۆسەی چاکسازیی بدات لە لیستی ناوی ئەوانەی کە بە ناشایستەیی سوودمەندن لەو ماف و ئیمتیازاتانە و جەختکرایەوە لە پاراستنی ماف وئیمتیازاتی ئەوانەی شایستەی وەرگرتنی ئەو ماف و ئیمتیازاتانەن. ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکردن، لە ڕووی مەبدەئیەوە هەردوو پەیڕەوەکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو تێبینی وسەرنجانەی لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕوو ، بە ئاراستەی باشترکردنی ژیان و بژیۆی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی و پاراستنی مافەکانیان.